ڕێكاری نوێ‌ بۆ پێدانی مۆڵەتی شۆفێری تاكسی پەیڕەو دەكرێت

سەردێر

خەڵك-
لێپرسراوی بەشی پێدانی مۆڵەت لە هاتووچۆی سلێمانی ئاشكرای دەكات، پێدانی مۆڵەتی تاكسی بەردەوامە و مەرجی سەرەكی پرۆسەكەش، دەبێت لۆگۆی نوێی تاكسی وەربگرێت و مامەڵە یاساییەكان تەواوبكات لەفەرمانگە پەیوەندیدارەكان، دەشڵێت: “نابێت بەهیچ شێوەیەك هێزی ئەمنی مۆڵەتی تاكسی وەربگرن و فەرمانبەرانیش لەپلەی یەك-ەوە تاوەكو پلەی شەش ناگرێتەوە، تەنها فەرمانبەرانی خانەنشین دەگرێتەوە”.

موقەدەم شیلان عوسمان، لێپرسراوی بەشی پێدانی مۆڵەت لەبەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی پارێزگای سلێمانی بە( ترافیك ئێف ئێم)ی ڕاگەیاند، ئەو كەسانەی مۆڵەتی تاكسی وەردەگرن، دەبێت تاكسیان هەبێت‌ و بەناویانەوە بێت، لۆگۆش وەربگرن ‌و فەرمانبەرانی پلە (7) تاوەكو پلە (10) دەگرێتەوە، كە مۆڵەتی تاكسی وەربگرن لەگەڵ فەرمانبەرانی خانەنشین كراو، بەڵام بەهیچ شێوەیەك پلەكانی دیكە و كارمەندان‌ و ئەفسەرانی هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ‌ و پێشمەرگە ناگرێتەوە.

ڕوونیشیكردەوە، ئەو كەسانەی ئێستا سەردانیان دەكەن بەمەبەستی بایۆمەتری وەرگرتنی مۆڵەتی تاكسی ڕۆژانە (5) تاوەكو (10) كەسە و ئەو كەسانەشی، كە سەرەتا كوڕاسە وەردەگرن، ئەگەر بۆ مۆڵەتی تاكسی نەبێت، كوڕاسەی تاكسیشیان نادەنێ‌، چونكە پێیان وتراوە و پێویست ناكات مەسرەفی زیادە بكات.

موقەدەم شیلان وتی، “ئەو كەسانەی كوڕاسەیان لەنووسینگەكان وەرگرتووە جیاوازە پێشتر هاتووە كوڕاسەی وەرگرتووە و لەنووسینگەكانە تەواو نەبووە، كە دێتە سەر ئەوەی دەرچوون دەكات پێیان دەڵێین مامەڵەی یاسایی تاكسی بكە، كە بریتیە لەبەڕێوەبەرایەتی گواستنە و گەیاندن، لەوێ‌ داوای مۆڵەت ‌و ساڵانەی ئۆتۆمبێلەكەی لێدەكەن، لەوێ‌ فۆڕمێكی دەدەنێ‌ فۆڕمەكەش ئاماژەی بەوەداوە، كە دەبێت سەردانی بەڕێوەبەرایەتی بەڵگە و تاوان و ئاسایش ‌و هاتووچۆ بكەن، لەهاتووچۆ فۆرمی بایۆمەتری وەردەگرن پێویستە سەردانی بنكەكانی بایۆمەتری بكەن، بەمەبەستی ئەوەی ڕوون بێتەوە، كە شۆفێرەكە فەرمانبەرە یاخو نا، تاوەكو پلەی فەرمانەرێتیەكەی دیاری بكرێت”.

ئاماژەی بەوەشكرد، پاشان شۆفێر سەردانی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایش‌ و بەڵگە و تاوان دەكات، بەمەبەستی زانینی پێشینەی شۆفێرەكە لەتاوان، ئینجا سەردانی هاتووچۆ دەكات لەبایۆمەتری كۆدی پێدەدەن بۆ گۆرینی مۆڵەتی بۆ تاكسی، كە فۆرمەكە هاتەوە بۆ هاتووچۆ چێكی دەكەن، بەمەبەستی ئەوەی شۆفێرەكە فەرمانبەرە یاخود نا.

ئەو ئەفسەرەی هاتووچۆ ئاشكرایكرد، چەندین شۆفێر بەهۆی ئەم پڕۆسەیەوە ڕوونبۆتەوە بۆیان، كە فەرمانبەری پلە بەرزن، هەر بۆیە مۆڵەتی شۆفێری تاكسی نایانگرێتەوە و داواكاریەكانیان ڕەتكراوەتەوە.

لێپرسراوی بەشی پێدانی مۆڵەتی هاتووچۆی سلێمانی ئاشكرایكرد، ئەو كەسانەشی ساڵی ڕابردوو كوڕاسەیان وەرگرتووە و هیچ تاقیكردنەوەیەكیان نەكردووە كوڕاسەكانیان تەلەف دەكرێت، بەهۆی ئەوەی ساڵێكی بەسەردا ڕۆیشتووە، ئەوانەی كە بیانەوێت مۆڵەت بەدەستبهێنن دەبێت سەرلەنوێ‌ كوڕاسە وەربگرنەوە.

لەماوەی ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە(46) هەزار كەس لەهەرێمی كوردستان لەهەردوو ڕەگەز بوونەتە خاوەنی مۆڵەتی شۆفێری .