سەردێر

گەراجەكانی ئۆتۆمبێل گۆڕانكارییان تێدا دەكرێت

خەڵك-
“ئۆتۆمبێلەكە لەو پێشەوە ڕابگرە و سویچكە بەجێبێهێڵە” ئەمە وتەی خاوەن گەراجێكی ئۆتۆمبێلە كاتێك دەتەوێت ئۆتۆمبێلەكەتی بۆ ماوەیەكی كاتی لێ ڕابگری، كاتێكیش پسوڵەكەت پێدەدات لەسەری نوسراوە ئێمە بەرپرسنین لە ونبوونی هەر شتێك، كە لەناو ئۆتۆمبێلەكەتدایە.

لەماوەی ڕابردوودا دوو ئۆتۆمبێل لەدوو گەراجی جیاوازی شاری سلێمانی دزران، ئەمەش دەرگای بەڕووی بابەتێكدا كردەوە، كە پێویستە گۆڕانكاری لەشێوازی كاركردنی گەراجەكانی ئۆتۆمبێل بكرێت.

گەراجەكانی ئۆتۆمبێل لەهەرێمی كوردستان بەسەر دوو جۆردا دابەشبوون، یەكێكیان كاتێك ئۆتۆمبێلی لێ بەجێدەهێڵیت، سویچەكە لەگەڵ خۆتدا دەبەیت، بەكامێرای چاودێری كۆنتڕۆڵی گەراجەكە كراوە، هەروەها كارمەندی گەراجەكەش وەك سكیورتی لەگەراجەكە دەمێنێتەوە.

جۆری دووهەمیان ئەوەیە، لەزەوییەكی بچووكدا ژمارەیەك ئۆتۆمبێلی زۆر بەدوای یەكدا ڕادەگیرێن و پێویستە خاوەن ئۆتۆمبێل سویچەكەی لەسەر ئۆتۆمبێلەكە بەجێبهێڵێت، لێرەش بەهەمانشێوە كامێرای چاودێری هەیە و كارمەندێكیش وەك سكیورتی بونی هەیە.

لەهەردوو جۆرەكەدا پسوڵەیەك بە خاوەن ئۆتۆمبێلەكە دەدرێت و لەسەری نووسراوە ئێمە بەرپرسنین لە ونبوونی هەر شتێك، كە لەناو ئۆتۆمبێلەكەتدابێت.

جۆری دووهەمی گەراجەكان پێویستە گۆڕانكارییات تێدابكرێت بەجۆرێك پاراستنی تەواوی ئۆتۆمبێلەكە و كەلوپەلەكانی ناوی لەئەستۆی گەراجەكە بێت.

لەسەرەتای ئەمساڵەوە تاكو ئێستا هەشت ئۆتۆمبێلی هاووڵاتییان دزراون، كە لە ئەنجامی لێكۆڵینەوە و بەدواداچوونەكان توانراوە حەوت ئۆتۆمبێل لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە بدۆزرێنەوە.

لەبارەی زیادبوونی دزینی ئۆتۆمبێل سەركەوت ئەحمەد، وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، ئەم دزییانە گرووپ و ڕێكخراوی تاوانكاری نەیانكردووە، بەڵكو هەر كەسێك و لای خۆیەوە دزییەكەی كردووە، كە هەندێكیان بەهۆی كەمتەرخەمی خاوەن ئۆتۆمبێلەكەوەیە، بۆ نمونە دوو حاڵەت لەو دزییانە بەجۆرێك بووە، كە خاوەن ئۆتۆمبێلەكە بەیانی زوو چووە ئۆتۆمبێلەكەی هەڵكردووە بۆئەوەی گەرم بێت، دواتر ڕۆیشتۆتە ماڵەوە بۆئەوەی خۆی بگۆڕێت، بەڵام كە هاتۆتەدەرەوە ئۆتۆمبێلەكەی لەوێ نەماوە، بێگومان ئۆتۆمبێل، كە سویچی لەسەربوو، ئەگەری دزینی هەیە و بۆ كەسێك كە دزی بكات، زۆر ئاسانە.

ڕوونیشیكردەوە، بۆ شارێكی وەك سلێمانی، كە نزیكی دوو ملیۆن ئۆتۆمبێلی تێدایە و دۆخی دارایی باش نییە و دەیان خەڵكی جۆراوجۆر لەم شارەدا دەژین، ئەو ڕێژەیە لەدزیكردن ئاساییە.

بەپێی بەدواداچوونەكانی (خەڵك) بەشێك لەخاوەن گەراجەكان كاتێك خاوەن ئۆتۆمبێل دەگەڕێتەوە و ئۆتۆمبێلەكەی لەگەراجەكە دەردەكات، سەیری ژمارەی پسوڵەكە ناكەنەوە، لەبەرامبەر ئەمەشدا، خاوەن گەراجەكان دەڵێن: “ئێمە ئەو كەسانە دەناسین، كە ئۆتۆمبێلمان لا ڕادەگرن، بۆیە كەسێكیش، كە تازە دێت بەچاو سەیری دەكەین، ئەگەر جێگەی گومانبێت، ئەوا زیاتر چاویان لەسەریدەبێت، بۆئەوەی نەوەك دزی بكات”.

ئەم شێوازەی كاركردن لەگەراجەكانی ئۆتۆمبێل لەهەرێمی كوردستان جیاوازە لەشێوازی كاركردنی گەراجەكان لەوڵاتانی دیكەی جیهان، بۆ نمونە لەوڵاتە پێشكەوتووەكان بەپێی كاتی مانەوەت لەگەراجەكە پارە دەدەیت و بەتەواوی ئەو شوێنە لەژێر كامێرای چاودێریدایە.

بەرزان حامد، سەرۆكی لیژنەی ناوخۆ و ئاسایش لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بە(خەڵك)ی ڕاگەیاند، چاوخشاندنەوە بەشێوازی كاركردنی گەراجەكان پێویستە بكرێت، بەتایبەت لەڕووی پاراستنی ئۆتۆمبێلەكان و لەڕووی كەلوپەلی ناو ئۆتۆمبێلەكان و هەروەها لەڕووی نرخەوە پێویستە گۆڕانكاری بكرێت.

ئەوەشی خستەڕوو، پێویستە بەرپرسیارێتی پاراستنی ئۆتۆمبێلەكان بەتەواوی لەسەر گەراجەكان بێت، چونكە هاووڵاتی بۆیە ئۆتۆمبێل دەباتە گەراج و پارە دەدات، بۆئەوەی پارێزراوبێت، ئەگەر بەرپرسیارێتی لەسەرئەستۆی گەراجەكە نەبێت، هاووڵاتی دەتوانێت لەقەراغ شەقامێك ئۆتۆمبێلەكەی ڕابگرێت و پارەش نادات.

باسی لەئەوەشكرد، پێویستە لەئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی و لیژنەكانی قائیمقامیەت شیوازی كاركردنی گەراجەكان بگۆڕن و بەدڵنیایی لەماوەیەكی نزیكدا یاداشتێك سەبارەت بەو بابەتە پێشكەش بە سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی پارێزگا دەكەن.

لەگەڵ زیادبوونی ژمارەی ئۆتۆمبێلەكان گەراجەكانی ئۆتۆمبێلیش ڕوویان لەزیادبوون كردووە، لەگەڵ ئەمەشدا گەراجەكان هەر بەشێوازی كۆن كاردەكەن، ئەمەش پێویستی بەگۆڕانكارییە.

سلێمانی – نزار جەزا