سەردێر

“پارتی هەوڵی وەرگرتنی پۆستی سەرۆك كۆمار دەدات”

خەڵك-
سەرۆكی دەزگای ستاندەر ڕایدەگەیەنێت، پارتی هەوڵ بۆ وەرگرتنی پۆستی داهاتووی سەرۆك كۆماری عێراق دەدات.

مەسعود عەبدولخالق، چاودێری سیاسی و سەرۆكی دەزگای ستاندەر بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، حزبەكانی كوردستان هەستیان بەوە كردووە بە هاتنی بایدن گۆڕانكاری لە ناوچەكە دروست دەبێت و هەریەكەیان دەیەوێت هەوڵی گۆڕانكاری بۆ خۆی بدات و پۆست بەدەست بهێنێت.

وتیشی، “پارتی كار بۆ ئەوە دەكات پۆستی سەرۆك كۆماری داهاتوو لە پارتی بێت و پێیانخۆشە ئەو هاوكێشەیەی، كە لە كوردستان بوونی هەبوو گۆڕانكاری بەسەردا بهێنرێت”.

ئاشكراشیكرد، “نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی ئێستای هەرێمی كوردستان كاندید دەبێت بۆ ئەو پۆستە”.

سەبارەت بە هەڵوێستی یەكێتی لەسەر ئەو پرسە، ناوبراو ڕایگەیاند، “بە پرس و ڕای یەكێتی ناكەن، پارتی دەیەوێت ئەمجارە سەرۆك كۆمار بۆ خۆی ببات و تەرتیباتێكی بۆ كردووە و بۆ ئەو مەبەستەش دەیەوێت بەشێك لە ماڵی مام جەلال ڕازی بكات و بەڵێنی بە هەندێك مەكتەب سیاسی یەكێتی داوە بیانكاتە وەزیر، لەبەرانبەردا هاوسەرۆكانی یەكێتیش هەردووكیان یان یەكێكیان پێدەچێت بگەڕێتەوە سەر د.بەرهەم و پاڵپشتی لەو بكات بۆ سەرۆك كۆماری عێراق”.

ڕوونیشیكردەوە، هەركاندیدێكی یەكێتی تووشی شكست دەبێت لەبەرانبەر بەرهەم ساڵح، بەڵام ئەگەر یەكێتی بەرهەم ساڵح كاندید بكاتەوە بە مسۆگەری دەردەچێت و كاندیدەكەی پارتی دەرناچێت.

بۆ وەرگرتنی زانیاری زیاتر سەبارەت بەم پرسە، (خەڵك) پەیوەندی كرد بە مەحمود محەمەد، وتەبێژ و ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی، بەڵام پەیوەندییەكەی بەردەست نەبوو.