سەردێر

كۆمسیۆن ماوەی نوێكردنەوەی تۆماری بایۆمەتری درێژكردەوە

خەڵك-

بەڕێوبەری ئۆفیسی هەولێری كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراق ڕایدەگەیەنێت، نوێكردنەوەی تۆماری بایۆمەتری درێژكراوەتەوە بۆ دوو مانگی تر، واتە تاوەكو ٣١ی ئاداری ٢٠٢١،داوا لەهاووڵاتیانیش دەكات، ئەو كەسانەی كارتی دەنگدانیان وێنەی لەسەر نیە سەدانمان بكەن لەناوەندەكانی تۆماری بایۆمەتری تاوەكو كارتی بەوێنەی خۆیان بۆ دروست بكرێت.

عەبدولرەزاق موشیر، بەڕێوبەری ئۆفیسی هەولێری كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراق لەكۆنفڕانسێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، نوێكردنەوەی تۆماری بایۆمەتری درێژكراوەتەوە بۆ دوو مانگی تر واتە تاوەكو ٣١ی ئاداری ٢٠٢١.

ڕاشیگەیاند، لەئێستاشدا زیاتر لە ٢٠ هەزار كەس خۆیان تۆماركردوە لەپارێزگای هەولێر، لە ٨٠٪ی ئاوارەكانیش بایۆمەتریان بۆ كراوە كەبەشێكیان نوێكردنەوە و دڵنیاكردنەوە بووە، هەزار و ٥٠٦ كەسیش لە ئاوارەكان خۆیان تۆماركردوە.

دەشڵێت: “ماوەی هاوپەیمانیەتی حزبەكانیش درێژكراوەتەوە بۆ ١٠ی شوبات، خۆتۆماركردنی پاڵێوراوانیش تاوەكو ١ی ئادار بەردەوام دەبێت”.

وتیشی، “داوا لەهاوڵاتیان دەكەین، ئەو كەسانەی كارتی دەنگدانیان وێنەی لەسەر نیە سەدانمان بكەن لەناوەندەكانی تۆماری بایۆمەتری تاوەكو كارتی بەوێنەی خۆیان بۆ دروست بكرێت، ئەوانەشی كارتی دەنگدانیان وێنەی لەسەرە پێویست ناكات سەردان بكەن، لەهەمان كاتدا گواستنەوەی شوێنی دەنگدان لەبازنەیەك بۆ بازنەیەكی تر ڕاگیراوە، تەنها لەنێوخۆدی بازنەی هەڵبژاردن دەتوانرێت گۆڕانكاری بكرێت لەشوێنی دەنگدان”.

هەولێر- ئارام سەردار