سەردێر

داعش، ناوچە كێشەلەسەرەكان مینڕێژ دەكات

خەڵك-

جێگری بەرپرسی مەڵبەندی حەمرینی یەكێتی نیشتمانی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، هیچ هەوڵێك لە ئارادا نییە بۆ پڕكردنەوەی ئەو بۆشاییە ئەمنییەی لەنێوان سوپای عێراق و هێزی پێشمەرگەدا دروست بووە.

بەهۆی بوونی بۆشاییەكی ئەمنی لە عێراق و بەتایبەت لە ناوچە كێشەلەسەرەكان، چەكدارانی داعش ناوە ناوە هێرشەكانیان لە ناوچەكە ئەنجام دەدەن و زیانی گیانی و ماددیش دوای خۆیان جێدەهێڵن.

مەحمود محەمەد، جێگری بەرپرسی مەڵبەندی حەمرین-ی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، هیچ بڕیارێك بۆ پڕچەككردنی هاووڵاتیانی ناوچەكە بۆ بەرگری لە خۆیان نەدراوە، بەڵام لە ناوچەكە پێشمەرگەیەكی زۆری تێدایە لە خاڵی تەماس لەگەڵ چەكدارانی داعش.

وتیشی، “ناوچەكە قەدەغەكراوە لە نێوان هەردوولا، چونكە زۆربەی ناوچەكانی ئەوان كەس ناتوانێت بچێتە ناوی بەهۆی ئەوەی مینڕێژكراوە”.

ئاشكراشیكرد، ناوە ناوە پێشمەرگە و سوپای عێراق دەچنە ناوچەكان و هەندێكیان لێدەكوژرێت و هەندێكجاریش بۆدرومان دەكرێن و ئۆتۆمبێل و بابەتی سەربازییان لێ جێدەمێنێت.

مەحمود محەمەد ڕوونیشیكردەوە، پێشمەرگە بە ڕێككەوتن لەگەڵ سوپای عێراقی هەڵدەكوتنەسەر چەكدارانی داعش و هەڵدین، بەڵام دواتر دەگەڕێنەوە شوێنی خۆیان، چونكە خۆیان حەشار دەدەن.

ئەو بەرپرسەی یەكێتی جەختی لەوەش كردەوە، تاكو ئێستا هیچ بەرنامەیەك لە ئارادا نییە، كە ئەو ناوچانەی داعشی تێدایە بە سوپای عێراق یان بە هێزی پێشمەرگە پڕ بكرێتەوە.