سەردێر

توركیا دەیەوێت سنوری نێوان هەرێم و ڕۆژاوای كوردستان كۆنترۆڵ بكات

خەڵك
ڕاوێژكارێكی پێشووی سەرۆكایەتی كۆماری عێراق ڕایدەگەیەنێت ، توركیا دەیەوێت سنوری نێوان هەرێم و ڕۆژاوای كوردستان كۆنترۆڵ بكات و دەشڵێت،” پێویستە هەرێم هەڵوێستێكی ڕوون و ڕاشكاوانەی بەرانبەر توركیا هەبێت و لەگەڵ عێراقیش ڕێككەوتنێكی تۆكمە ئەنجام بدات”.

سالار مەحمود،ڕاوێژكاری پێشووی سەرۆكایەتی كۆماری عێراق بە دەنگی ئەمریكای ڕاگەیاندووە، هەڵوێستی هەرێمی كوردستان بەرانبەر جوڵەكانی توركیا لاوازە و پێویستە هەرێم هەڵوێستێكی ڕوون و ڕاشكاوانەی بەرانبەر توركیا هەبێت.
دەشڵێت،” توركیا دەیەوێت دۆخی ئێستای عێراق بقۆزێتەوە و بەرەو شەنگال بجوڵێت، لەكاتێكدا ئەمە پێشێلكاری و سنوربەزاندنە، بەتایبەت ڕەوشی شەنگال تا ئێستا سەقامگیری بە خۆوە نەبینیووە و چەند ناوەندێكی خاوەن پێگە، تێیدا بوونیان هەیە، بۆیە ئاڵۆزی دروستبووە”.

ڕاشیگەیاندووە،توركیا دەیەوێت سنوری نێوان باشور و ڕۆژاوای كوردستان كۆنترۆڵ بكات، بەتایبەت ناوچەی شەنگال كە دەڕوانێتە سەر دەشتاییەكانی موسڵ دا، لەڕووی سیاسی و سەربازیەوە بۆ توركیا گرنگە، بۆیە بەشێوەیەكی ناشەرعی چاوی تێبڕیووە لەكاتێكدا توركیا ڕێككەوتنی 50 ساڵەی لەگەڵ هەرێم هەیە، دەیەوێت ڕێككەوتنی تازە لەگەڵ عێراق بكات، تا سود لەم ڕێككەوتنە وەربگرێت، بۆ پەلكێش كردنی عێراق بۆ پەلاماردانی پەكەكە.

لەبارەی كێشەكانی نێوان هەرێم و عیراق ئاماژەی بۆ ئەوەشكردووە، كە هەرێم لەگەڵ عێراق پێویستە ڕێككەوتنێكی تۆكمە ئەنجام بدات، ڕاستە ئێمە هاوبەشین لەگەڵ عێراق، بەڵام بەبەرنامە كار بۆ لاوازكردنی پێگەی هەرێم دەكرێت.

ئاشكراشیكردووە، هەرێم لە ئێستادا توانای كۆنترۆڵكردنی بیرە نەوتیەكانی دەرەوەی دەسەڵاتی خۆی نەماوە، بەپێچەوانەوە، لەبەردەم مەترسی لەدەستدانی دۆسیەی نەوتیشدایە، بەهۆی فشارەكانی عێراقەوە، ئەمانە دەرخەری لاوازبوونی پێگەی هەرێمن، لەم لاوازیەدا، عێراق و توركیا ڕۆڵی ڕاستەوخۆیان هەیە.

 



هەلبژاردە

گرنگترینەکان