سەردێر

ئەمریكا ستایشی قوباد تاڵەبانی دەكات

قوباد تاڵەبانی و باڵیۆزی ئەمریكا دانوستانەكانی هەولێر و بەغدایان تاووتوێكرد.


قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران لە هەولێر لەگەڵ ماتیۆ تولەر باڵیۆزی ئەمریكا لە عیراق كۆبۆوە و پێكەوە هەڵبژاردنەكانی داهاتووی عیراق و ڕەوتی دانووستانەكانی نێوان هەولێر و بەغدا و چاكسازییەكانی هەرێمی كوردستانیان تاووتوێ كرد.

لە كۆبوونەوەكەدا ئەمڕۆ (28 كانونی دووەمی 2021) كە ڕۆب واڵەر كۆنسوڵی گشتی ئەمریكا لە هەولێر، ئامادەی بوو، قوباد تاڵەبانی پیرۆزبایی دەستبەكاربوونی ئیدارەی نوێی ئەمریكای كرد و پەیوەندیی بەهێزی سەرۆك جۆ بایدن و ستافی ئیدارەكەی لەگەڵ ناوچەكە بیرهێنایەوە، هیواشی خواست پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ئەمریكا لەسەردەمی سەرۆك بایدندا گەشەكردنی زیاتر بەخۆیەوە ببینێت.

لە بەشێكی تری كۆبوونەوەكەدا تاووتوێی چۆنیەتی بەرەوپێشچوونی دانوستانەكانی نێوان هەرێم و حكومەتی فیدراڵ كرا، باڵیۆزی ئەمریكا لە عیراق پشتگیری وڵاتەكەی بۆ دانوستانەكان دووپات كردەوە.

تەوەرێكی تری كۆبوونەوەكە تەرخان كرا بۆ تاووتوێكردنی هەڵبژاردنە چاوەڕوانكراوەكەی عیراق. جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم ڕایگەیاند، هەڵبژاردنەكانی ئەمجارە بۆ عیراق و هەرێمی كوردستان چارەنووسسازە و هیوای خواست بە پشتگیری وڵاتانی دۆست و هاوپەیمان هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد بەڕێوەبچێت.

هەر لە كۆبوونەوەكەدا باسی هەنگاوەكانی چاكسازی حكومەتی هەرێم لە بوارە جیاوازەكاندا كرا و باڵیۆزی ئەمریكا ستایشی ڕۆڵی قوباد تاڵەبانی كرد بۆ پێداگرییەكانی لەسەر بەرەوپێشبردنی ڕەوتی چاكسازی لە هەرێمی كوردستاندا.

خەڵك – بەشی هەواڵ