سەردێر

زانكۆی سلێمانی؛ بۆ ئەمساڵ یەكەمی هەرێم و نۆیەمی عیراقە

 

پێگەی ” Webometrics” ی ئیسپانی بۆ ساڵی 2021 زانكۆی سلێمانی لە ڕیزبەندی یەكەمی زانكۆكانی هەرێم و نۆیەمی زانكۆكانی عیراق و لەسەر ئاستی جیهانیش لە پلەی( 3 هەزارو 462) دایە.

بەپێی نوێترین زانیاری پێگەی ” Webometrics” ی ئیسپانی، كە تایبەتە بە هەڵسەنگاندنی ئاستی زانكۆكان لە هەموو جیهاندا و بەپێی ئەو ڕیزبەندییە نوێیەی كە لە ساڵی 2021 دا بڵاویكردوەتەوە، زانكۆی سلێمانی لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان لە پلەی یەكەمدایەو بە باشترین زانكۆ دانراوە لە هەموو بوارەكاندا، هەروەها هەربەپێی ئەو ریزبەندییە نوێیەی ” Webometrics” زانكۆی سلێمانی لەسەر ئاستی زانكۆكانی عیراق لە پلەی نۆیەمدایە، لەسەر ئاستی جیهانیش لە پلەی( 3 هەزارو 462) دایە.

 

زانكۆی سلێمانی لە ڕاگەیەنراوێكدا باسی لەوەكردووە، گەیشتن بەو پلەیە بۆ ئەو هەوڵ و ماندوبوونە زۆرەی سەرۆكایەتی زانكۆ و مامۆستایانی زانكۆی سلێمانی لە سەرجەم كۆلێژەكان دەگەڕێتەوە لەپێناو بەرەو پێشبردنی ئاستی زانستی و ئەكادیمی لە هەرێمی كوردستاندا لەرێگەی ئەنجامدانی توێژینەوەی بەهێزو كاریگەر، كە كاریگەری لەسەر رەوتی زانستی و ئەكادیمی هەبووە لەسەر ئاستی عیراق و جیهانیشدا، كە ئەمە جێگەی دڵخۆشییە.

ئاماژەی بۆ ئەوەشكردووە، كە زانكۆی سلێمانی وەك زانكۆی “دایك” هەمیشە لە بەرەو پێشچوون و بەدەستهێنانی پلەی بەرزدایە، لەسەر ئاستی عیراق و جیهانیش.