سەردێر

“فرۆشتنی نەوت دەستووری نییە”

خەڵك-
ئەندامێكی پەڕلەمانی عێراق ڕایدەگەیەنێت حكومەتی هەرێم لە فرۆشتنی نەوت دەستووری نییە و هەركاتێك ببرێتە دادگا دەیدۆڕێنێت.

موسەننا ئەمین ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە(خەڵك)ی ڕاگەیاند،
هەردوو حكومەتی هەرێم دەیانەوێ‌ خۆیان بدزنەوە لە بەرپرسارێتیان بەرامەبەر بە خەڵك، هەرێم بۆ چەترێكی یاسایی دەگەڕێت كە لە سایەیدا نەوت بفرۆشێت و عێراق گێچەڵی بۆ دروست نەكات، داهات تەخشان و پەخشان بكات و نەوت هەڕاج بكات هەر وەك ئێستا.

ئاماژەی بەوەشكرد، لەڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەكاندا دیلۆیت دەڵێت %71 داهاتی نەوتی هەرێم ناچێتە باخەڵی حكومەتی هەرێمەوە %29 دەچێت، ئەمەش بەشی خەڵك ناكات و كێشە دروست دەكات، ژیانی خەڵك بەئەو جۆرەی ئێستا بەردەوام دەبێت، ئەمە قابیلی قبوڵ نییە، هەڵوێستی جددی دەوێت.

وتیشی: ناكرێ‌ خەڵك برسی بكرێت بەناوی سەربەخۆیی فرۆشتنی نەوتەوە، لەكاتێكدا ئەو داهاتە بەشی خەڵك ناكات و ڕێگایەكی دیكە هەیە پەنای بۆببرێت، ئەویش حكومەتی عیراقە.

ئاماژەی بەوەشكرد، لەدەستووری عێراقدا هاتووە كە دەبێت هەردوو حكومەتی هەرێم و عێراق پێكەوە نەوت بفرۆشن ، حكومەتی هەرێم نەیكردووە، بۆیە ئەمە دەیسەلمێنێت كە كارەكەی وەك پێویست دەستووری نییە، هەركاتێك ئەم بابەتە ببرێتە دادگای ناوەندی، حكومەتی هەرێم دەیدۆڕێنێت.