سەردێر

لایەنەكان نەگەیشتنە رێككەوتن

خەڵك-ئارام سەردار

لەسەر بانگهێشتی سەرۆكایەتی پەڕلەمان بەهەماهەنگی لەگەڵ لیژنەی ناوچەكوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم،كۆبوونەوەیەكی فراوان لەگەڵ بەرپرسی دەزگا و نوسینگەكانی هەڵبژاردنی هێزو لایەنە سیاسییەكانی كوردستان بەڕێوەچووە، بۆ تاووتوێكردنی پرسی هەڵبژاردنەكانی عیراق و هەماهەنگیی زیاتری نێوان هێزو لایەنە سیاسییەكانی كوردستان، بەتایبەت لەناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم لەپێناو دروستكردنی لیستێكی نیشتیمانی بۆ ئەو ناوچانە بۆ ئەوەی دەنگی كورد پەرت نەبێت و نەفەوتێت.

جوان ڕۆژبەیانی، سەرۆكی لیژنەی ناوچەكوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم لەكۆنفڕنسێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ئامانجی كۆبوونەوەكە بۆ تاووتوێكردنی پرسی هەڵبژاردنەكانی عیراق و هەماهەنگیی زیاتری نێوان هێزو لایەنە سیاسییەكانی كوردستانە، بەتایبەت لەناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم لەپێناو دروستكردنی لیستێكی نیشتیمانی بۆ ئەو ناوچانە بۆ ئەوەی دەنگی كورد پەرت نەبێت و نەفەوتێت.

دەشڵێت، ئێستا بچوككردنەوەی بازنەی هەڵبژاردن، بەتایبەت بۆ حزبە بچووكەكان ناتوانن كورسی بێنن داوای هاوكاریان لێكراوە كە هەمووان لیستێكی نیشتیمانی بۆ ئەو ناوچانە دروست بكەن، ئەوانیش كاندیدەكانیان یەكبخەن، چونكە گرنگە ناوچە كوردستانییەكان لەدەست نەدەین.

ئەوەشی خستەڕوو، لەكۆبوونەوەكە حزبەكان یەك دەنگ بوون دڵنیاییاندا هەماهەنگ دەبن بۆ دروستكردنی ئەو لیستە و بڕیاردرا دانیشتنی تر بەردەوام دەبێت و دەست پێشخەریش دەبین لەسەردانی حزبەكان بۆ ئەوەی بەیەكەوە بەشدار بن، لیستە هاوبەشەكەش پێكدەهێنن بەڵام نەگەیشتینە ئەوەی ڕابگەیەنرێت.

باسی لەوەشكرد، هەڵەكانی ڕابردوو نابێت دووبارە ببێتەوە تاوەكو كورد ناوچە كوردستانییەكان لەدەست نەدات.