سەردێر

رونكردنەوە لەسەر گێچەڵی سێكسی

خەڵك-ئارام سەردار

سەبارەت بە ڕاپۆرتی یەكێك لە سایتەكان لەسەر گێچەڵی سێكسی بۆ سەر منداڵان لەنێو وەرزش بە تایبەت تۆپی پێ لە فێرگەكانی وەرزش، بەڕێوەبەری گشتی وەرزشی هەرێم ڕایدەگەیەنێت، داوای بەڵگەكانمان كردووە ئەگەر پشت ڕاستبكرێتەوە ئەوا ئیجرائات دەكەین.

شاكر ئەحمەد بەڕێوەبەری گشتی وەرزش لەكۆنفڕانسێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایەگەیاند، بەفەڕمی لەهەرێمی كوردستان چوار مۆڵەتی فێرگەی وەرزشی بەڕێنمایی زۆر باش و چاودێری تووند بۆ پێگەیاندنی منداڵان هەیە، هەر فێرگەیەكی تر هەبێت ئەوا نایاساییە و مۆڵەتی نییە لەهەر شوێنێك بێت.

دەشڵێت، ئەو بابەتە باسكراوە جێگای داخ بووە، بەر لەساڵێك ڕوویداوە لە بازیان، بەڵام ئەو ڕاهێنەرەی ئەو كارەی كردووە دەستگیركراوە و لەزیندانە و تەواوی شوێنەكەش داخراوە، بەڵام هەر لەسەر ئەو دۆسیەیە بەبڕیاری وەزیری ڕۆشنبیری بڕیاردرا ئەو ٦٠ فێرگە وەرزشیەی هەیە لەسلێمانی دابخرێن چونكە مۆڵەتیان نییە، نوسراویش ئاراستەی وەزارەتی ناوخۆ دەكەن بۆ داخستنی هەر فێرگەیەك كە مۆڵەتی فەڕمی نەبێت لەهەر شوێنێك بێت.

ئەوەشی خستەڕوو، هەفتەیەك مۆڵەت دراوە بەڵگەكانی ئەو بابەتە بخرێتەڕوو ئەگەر ڕوداوێكی لەم شێوەیە هەبێت، ئەوا ئیجرائاتی یاسایی دەگرنەبەر، بەڵام ئێستا چاوەڕوانی پشتڕاستكردنەوەی بابەتەكەن.