سەردێر

لایەنەكان لەسەر هەڵبژاردن كۆدەبنەوە

سەرجەم لایەنە سیاسییەكان ئامادەییان نیشانداوە ئامادەی كۆبوونەوەكەبن

خەڵك-

ئەمڕۆ لەپەرلەمانی كوردستان كۆبوونەوەیەكی بەرفراوان لەگەڵ بەرپرسی دەزگاو نوسینگەكانی هەڵبژاردنی لایەنە سیاسییەكانی كوردستان سەبارەت بە هەڵبژاردنەكانی عێراق بەڕێوەدەچێت.

سامان ئەحمەد بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی پەرلەمانی كوردستان بە(خەڵك) ی ڕاگەیاند: لە دەستپێشخەریەكی سەرۆكایەتی پەرلەمان و لیژنەی ناوچە كوردستانییەكان ئەمڕۆ پێنجشەممە كاتژمێر ۱۱:۳۰ كۆبوونەوەیەكی فراوان لەگەڵ بەرپرسی دەزگا و نوسینگەكانی هەڵبژاردنی هێز و لایەنە سیاسییەكانی كوردستان بەڕێوەدەچێت بۆ تاووتوێكردنی پرسی هەڵبژاردنەكانی عێراق.

وتیشی: كۆبوونەوەكە لەپێناوی هەماهەنگیی زیاتری نێوان هێز و لایەنە سیاسییەكانی كوردستانە، بەتایبەت لەناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم بۆ دروستكردنی لیستێكی نیشتیمانی بۆ ئەو ناوچانە، تاكو دەنگی كورد پەرت نەبێت و نەفەوتێت.

ئاماژەی بەوەشكرد، سەرجەم لایەنە سیاسییەكان ئامادەییان نیشانداوە ئامادەی كۆبوونەوەكەبن و ئومێد دەكەین هەماهەنگی تەواو دروست ببێت لەپێناوی دروستبوونی ئەو لیستە نیشتیمانییەو نەفەوتانی دەنگی كورد لەهەڵبژاردنەكانی عێراقدا.