سەردێر

شەپۆلێكی بەفر و باران هەرێمی كوردستان دەگرێتەوە

خەڵك-
بەپێی پێشبینییە كەشناسییەكان، لەبەرەبەیانی سبەینێوە هەردوو شەپۆلی دەریای ناوەڕاست و دەریای سوور هەڵدەكاتە سەر هەرێمی كوردستان و سەرەتا لە ناوچەكانی دهۆك-ەوە باران بارین دەستپێدەكات و بەفر لە ناوچە شاخاوییەكان دەبارێت و شارەزایەكی كەشناسی دەڵێت: “كاریگەری ئەو شەپۆلە تاوەكو بەرەبەیانی ڕۆژی یەك شەممە دەمێنێتەوە”.

محەمەد كەمال، شارەزای كەشناسی بۆ (خەڵك) ئاماژەی بەوەكرد، پێشبینی دەكەین لەنزیك بەرەبەیانی سبەینێ‌ پێنج شەممەوە 2021/1/28 شەپۆلێكی بارانبارینی دەریای ناوەڕاست و بڕێك شێی دەریای سوور ناوچەكانی هەرێمی كوردستان بگرێتەوە و بەڕێژەی جیاواز باران ببارێت.

ڕاشیگەیاند، سەرەتا لەسنوری پارێزگای هەولێر و دهۆك و كەركوك و قەزای سۆرانەوە باران بارین دەست پێدەكات.

ئاماژەی بەوەشكرد، سبەینێ پێنج شەممە بەهۆی هاتنی بارستە هەوایەکی ساردی جەمسەری سیبریا و تێکەڵبونی بەشەپۆلی دەریای ناوەڕاست، پێشبینی دەکەین پلەکانی گەرما بەڕێژەی 6 پلە نزم ببنەوە و هەروەها ئەگەری بەفر بارین هەیە بۆ (چۆمان، حاجی ئۆمەران، کیڵێ، کۆڕەک، سیدەکان، حەسارۆست، حەسەن بەگ، پێنجوێن، ئامێدی، سەرسەنگ، کانی ماسی، کەلات، مەلەکان) و ڕێژەی بەفرەکەش لەنێوان 4 بۆ 20 سم دەبێت.

ڕوونیشی كردۆتەوە، خێرایی با بۆ سبەی پێنج شەممە چالاک دەبێت بەڕێژەی 27 کیلۆمەتر لەهەندێ کات و دەبێتە باوباران پێکەوە
‌و بەرەبەیانی ڕۆژی یەک شەممە کۆتایی بەشەپۆلەکە دێت.