سەردێر

بەرهەم ساڵح و قوباد تاڵەبانی و بەشیر حەداد و فراكسیۆنە كوردستانیەكان كۆبوونەوە

خەڵك-
سەرۆك كۆماری عیراق لەگەڵ قوباد تاڵەبانی و بەشیر حەداد و فراكسیۆنە كوردستانییەكان كۆبووەوە و جەختكرایەوە لە پاراستنی مووچەی مووچەخۆرانی ھەرێمی كوردستان و زامنكردنی مافی تەواوی ناوچە و پێكھاتەكان لە بودجەی گشتی ساڵی 2021 و جیاكردنەوەی بژێوی ژیانی خەڵك لە ململانێ سیاسییەكان.

ئێوارەی ئەمڕۆ چوار شەممە ٢٠٢١/١/٢٧ د. بەرھەم ساڵح، سەرۆك كۆماری عێراق لە بەغدا پێشوازیكرد لە قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆك وەزیرانی ھەرێمی كوردستان و سەرۆكی شاندی دانوستانكاری ھەرێم بۆ بەغدا و بەشیر حەداد، جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق و فراكسیۆنە كوردستانییەكان، پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و هاوپەیمانی هیوای كوردستانی لە پەڕلەمانی عێراق و لەبارەی دواین گۆڕانكارییەكانی دانوستانی نێوان ھەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵ گفتوگۆكرا.

بەپێی ڕاگەیەنراوی سەرۆكایەتی كۆماری عیراق، “لە كۆبوونەوەكەدا بەگرنگییەوە جەختكرایەوە لەگەیشتن بە ڕێگاچارەی گونجاو و بنەڕەتی بۆ كۆتایی ھێنان بە كێشە ھەڵپەسێردراوەكانی نێوان ھەردوو حكومەتی ھەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵ لەسەر بنەمای دەستوور و یاسا و پاراستنی مووچەی مووچەخۆران و بژێوی ژیانی خەڵكی ھەرێمی كوردستان وەك سەرجەم ھاووڵاتیان دیكەی عێراق بێ جیاوازی”.

لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا دووپاتكرایەوە لە پێویستی كۆتایی ھێنان بەقەیرانی مووچە و كەمكردنەوەی لێكەوتە داراییەكان لەسەر خەڵك، ھاوكات بیروڕا ئاڵوگۆڕكرا سەبارەت بە پشكی ھەرێمی كوردستان لە بودجەی گشتی ساڵی 2021 و زامنكردنی مافی تەواوی ناوچە و پێكھاتەكان لەسەر بنەمای دادپەروەری و پاراستنی مافی سەرجەم ھاووڵاتیانی عێراق و ھەرێمی كوردستان و جیاكردنەوەی مووچەی خەڵكی كوردستان لە ململانێی سیاسی و كێشمەكێش.

No description available.

No description available.