خەڵك-
لەبەردەم كەنیسەی ماریوسف، لەشارەدێی عەنكاوە دەستڕێژی گوولە لە دوو كەس كرا و گیانیان لەدەستدا و زیانی ماددیش بەر چەند ئۆتۆمبێلێك كەوت.
درەنگانی ئێوارەی ئەمڕۆ لەكاتی هاتنەدەرەوەیان لەنەخۆشخانەی مەریەمانە لەعەنكاوەی شاری هەولێر، كە دەكەوێتە بەردەم كەنیسەی ماریوسف، دوو برا دەستڕێژی گوولەیان لێ دەكرێت و بەهۆی سەختی برینەكانیان هەردوو براكه گیانیان لەدەستدا و بەپێی لێكۆڵینەوە سەرەتاییەكانیش كێشەی كۆمەڵایەتیان هەبووە لەگەڵ ئەنجامدەرانی ڕووداوەكە.
ئەو دوو برایە ئۆتۆمبێلێكی جۆری لاندكرۆزەری گوولە نەبڕیان لابووە، بەڵام بەر لەوەی بگەنە ناو ئۆتۆمبێلەكە دەكرێنە ئامانج و تەقەیەكی زۆریان لێ دەكرێت.
هۆگر عەزیز، وتەبێژی پۆلیسی هەولێر بۆ میدیاكان ڕایگەیاند، لەدوای ڕووداوەكە دەست بەلێكۆڵینەوە كراوە و ئەوانەی كوژراون بران و كێشەی كۆنی كۆمەڵایەتی دووژمنداریان هەبووە، دوای تەواوبوونی لێكۆڵینەوەكان و وردەكاریەكان ڕێكارەكان دەست پێدەكەن.
هەردوو براكە یەكێكیان ٣٢ ساڵ و یەكێكیشیان٢٦ ساڵ بووە، دوای ئەوەی دەبرێنە نەخۆشخانە، بەڵام بەهۆی سەختی برینەكانیان گیانیان لەدەستداوە.