سەردێر

وتەبێژی فراكسیۆنی یەكێتی لە بەغدا دیاریكرا

خەڵك-
دوای ئاڵوگۆڕی پۆستی سەرۆكی فراكسیۆنەكەی لە پەڕلەمانی عیراق، یەكێتیی نیشتمانی كوردستان وتەبێژی بۆ فراكسیۆنەكەش دیاری كرد و بەختیار شاوەیس، ئەندامی پەڕلەمانی دیاری كرد.

د. بەختیار شاوەیس، ئەندامی پەڕلەمانی عیراق لە فراكسیۆنی یەكێتی بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، بە بڕیاری سەرۆكی فراكسیۆن، من وەكو وتەبێژی فراكسیۆنی یەكێتی لە پەڕلەمانی عیراق دیاریكراوم.

وتیشی، “هەمیشە وەرگرتنی پۆست لای ئێمە بۆ خزمەتی خەڵک بووە و بوون بە وتەبێژی فەرمی فراکسیۆنی یەکێتی، کە بەفراکسیۆنەکەی مام جەلال ناسراوە لەبەغدا کارێکی ئاسان نیە و ئەرکێک و بەرپرسیاریەتیەکی گرنگە”.

ئەمە لەكاتێكدایە، كە لە هەفتەی ڕابردوودا د.جوان ئیحسان دەستبەرداری پۆستی سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لە پەڕلەمانی عیراق بوو، لەشوێنیدا ئاڵا تاڵەبانی كرایە سەرۆكی فراكسیۆن.

بیۆگرافیا:
– د.بەختیار شاوەیس، خاوەنی هەردوو بڕوانامەی بەکالۆریۆس لەپزیشکی ڤێتێرنەری و بەکالۆریۆس لەیاسا و ڕامیارییە
– لەکۆنگرەی سێ- ی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەئەندامی ئەنجوومەنی ناوەند هەڵبژیراوە و بڕیاردەری ئەنجوومەنەکە بووە.
– تا ئێستا ٩ کتێب و نامیلکەی بڵاوکردۆتەوە.
– مامۆستای پەیمانگای کادیرانی یەكێتی بووە.
– لەخولی سێ و چوار بەئەندامی پەڕلەمانی عیراق (ئەنجومەنی نوێنەران) هەڵبژێراوە.