سەردێر

داوای یەك لیستی كورد دەكرێت

خەڵك-

جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند پێویستە لایەنە سیاسییەكان بە یەك لیست بەشداری هەڵبژاردنە پێشوەختەكەی عێراق بكەن.

هێمن هەورامی لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لە هەر پارێزگایەك چەند بازنەیەك هەیە، دەنگەكان پەرشوبڵاو دەبن و لەسەر ئاستی پارێزگاكان نەماوە بەپێی یاسای نوێی هەڵبژاردنەكان، بۆیە پێویستە سەرجەم لایەنەكان بە یەك لیست بەشداری هەڵبژاردنەكان بكەن.

هەورامی دەڵێت: پێویستە حزبەكان زیاتر هەماهەنگیی لەنێوان خۆیاندا بكەن بەتایبەت لەو بازنانەی مەترسیان لەسەرە لەوانە خورماتوو، چونكە یەك كاندید دەتوانێت دەربچێت.

ناوبراو لە لێدوانەكەیدا بۆ رۆژنامەوانان خوازیاری هەرچی زووتری یەكگرتوویی لایەنە كوردییەكان بوو، بەوپێیەی دەبێت پێش هەڵبژاردن هاوپەیمانێتییەك دروست بكرێن، نەك دوای هەڵبژاردنەكان.

حكومەتی عێراق بڕیاری دا هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵەوە بۆ مانگی تشرینی یەكەم دوابخرێت.