سەردێر

ئەمریكا پێشمەرگە كۆنتڕۆڵ دەكات

خەڵك

سەرۆكی سەنتەری هودا بۆ لێكۆڵینەوەی ستراتیژی ڕایدەگەیەنێت، ئەمریكا دەیەوێت هێزەكانی پێشمەرگە یەكبخاتەوە.

دوای هاتنی جۆ بایدن سەرۆكی ئەمریكا، هەندێك جموجوڵ لە هەرێم دروست بووە و پێشبینیش دەكرێت چەندین بابەتی دیكە گۆڕانكاری بەسەردا بێت.

محەمەد بازیانی سەرۆكی سەنتەری هودا بۆ لێكۆڵینەوەی ستراتیژی بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، هەندێك پێشبینی دەركەوتووە لە لایەن ئەمریكاوە بۆ هەرێمی كوردستان كە بیەوێت دەسەڵاتی بسەپێنێت بەسەریدا، بۆ نمونە ئەو لیوایانەی پێشمەرگە كە لەلایەن ئەمریكاوە ڕاهێنانیان پێكراوە، حكومەتی هەرێم ویستی بەشێك لە مووچەكانیان ببڕێت، بەڵام ئەمریكا لەسەری سەپاندن كە نابێت هیچ لە مووچەكانیان ببڕدرێت، ئەمەش نیشانەی ئەوەیە ئەمریكا دەیەوێت بڕیارەكانی بەسەر هەرێمدا بسەپێنێت.

وتیشی”بەدوور نازانرێت لە داهاتوودا بابەتی دیكەش بچەسپێنێت، چونكە ئەوە هەنگای یەكەمە و دەبێتەهۆی ئەوەی حكومەت ئەو دەستكراوەیە نەبێـت تەنانەت تەحەكوم بە پێشمەرگەشەوە بكات، ئەمەش دەبێتە هاندەرێك كە لیواكانی دیكەی هێزەكانی 70 و 80 تێكەڵی یەكتر بن”.

ئاشكراشیكرد، دواجار لیوانكانیتر دەبێت بەو ئاڕاستەیە بڕۆن، ئەگەر حكومەتیش ئەو كارە نەكات، دەبێتەهۆی ئەوەی دوو جۆر پیێشمەرگە دروست ببێت، جۆرێكیان لایەنداری ئەمریكایە و لەژێر سێبەری ئەمریكایە و ئەوانی دیكەش ئەو پێشمەرگەیە كە دەیبینین، ئەمانە هەمووی ئاماژەیە بۆ ئەوەی ئەمریكا لە سەردەمی بایدن كۆمەڵێك گۆرانكاری دروست دەكات، ئەوەش پەیوەندی بە دۆستایەتی هەرێم و ئەمریكاوە نییە، بەڵكو ئەوان سەیری دواڕۆژ دەكەن و واقیعیانە بیر دەكەنەوە.