سەردێر

دەستگیركردن لە رۆژهەڵات بەردەوامە

خەڵك-

بەرپرسی سیاسی هێزی پارێزگاری حزبی دیموكراتی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، لەبەرانبەر ئەو ڕەشبگیرییەی ئێران دەستیپێكردووە سكاڵایەكمان ئاڕاستەی نەتەوە یەكگرتووەكان كردووە.

حەسەن كاكیلی بەرپرسی سیاسی هێزی پارێزگاری حزبی دیموكراتی كوردستان بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، لە چەند ڕۆژی ڕابردوو ناوەندی هاوكاری حزبەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان كۆبوونەوە، بەڵام بابەتێكی پەیوەست بە دۆخەكە لە ئارادا نەبوو، بەڵكو ئەو حزبانە بەشێوەیەكی گشتی كۆبوونەوەكانیان بەردەوامە.

وتیشی “خالید عەزیزی سكرتێری حزبی دیموكراتی كوردستان لەسەر ئەو ڕەشبگیرییەی ڕۆژهەڵاتی كوردستان سكاڵایەكی ئاڕاستەی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان و حزبی ئەنتەرناسیۆنال سۆسیالیست كردووە و ڕوونكردنەوەی لەسەر دەستگیر كردنی زیاتر لە 70 كەس پێڕاگەیاندوون”.

ئاشكراشیكرد، ئەو كەسانەی دەستگیر كراون سڤیل و پیشەیان مامۆستای زمانی كوردی، هونەرمەند، وەرزشكار، ڕۆژنامەنووس و ژینگەپارێزن.

ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، هەرچەندە سكاڵاكە لەوانەیە كاریگەری لەسەر ئازادكردنیان نەبێت، بەڵام دەبێت ئەو بابەتانە ئاشكرا بكرێن بۆ ڕای گشتی و جیهان.