سەردێر

ئادار ڤاكسینی كۆرۆنا دەگاتە هەرێم

خەڵك-

وتەبێژی فەرمی وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، لە كۆتاییەكانی مانگی سێ ڤاكسینی كۆرۆنا بەردەست دەبێت.

ئاسۆ حەوێزی وتەبێژی فەرمی وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە دەنگی ئەمریكای ڕاگەیاند، تا ئێستا كات و ڕۆژی هاتنی ڤاكسینی دژ بە كۆرۆنا بۆ عێراق دیاری نەكراوە، بەڵام بەپێی ئەو هەماهەنگی و پەیوەندییەی هەمانە لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتی تەندروستی عێراقی دووپاتیدەكەنەوە لەكۆتاییەكانی مانگی سێ ڤاكسینەكە بەردەست دەبێت.

وتیشی”بەپێی گرێبەستەكەی عێراق نزیكەی شانزە ملیۆن پێكوتە بەشی عێراقە، لەو ڕێژەیەش بەدڵنیایەوە پشكی هەرێمی كوردستانی تێدایە”.

سەبارەت بە هۆكارەكانی كەمبوونەوەی ڕێژەی تووشبوون بەكۆرۆنا لە هەرێم حەوێزی ڕایگەیاند، ئێستا ڕێژەی تووشبوون بەكۆرۆنا لەنزمبوونەوەدایە، حاڵەتە مەترسیدارەكان و گیانلەدانیش بەڕێژەیەی باش كەمیكردووە، ئەوەش بەهۆی چەند هۆكارێكەوەبوو، لەوانە ئەو ڕێكارانەی وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێم گرتنیەبەر، لەوانە هەڵمەتی هۆشیاری تەندروستی و توندكردنی ڕێنماییەكانی تەندروستی و داخستنی قوتابخانەكان و پابەندبوونی هاووڵاتیانیش لەبیر نەكەین.