سەردێر

زنجیرە درامای كچانی كۆبانێ بەرهەمدێـت

خەڵك-

زنجیرە درامای كچانی كۆبانێ لە نوسینی نووسەرێكی ئەمریكایی و بەرهەمهێنانی كۆمپانیایەكی هیلاری كلینتن وەزیری پێشووی دەرەوەی ئەمریكا بەرهەم دەهێنرێت.

كۆمپانیای هایدین لایت كە هیلاری كلینتن وەزیری پێشووی دەرەوەی ئەمریكا و كچەكەی خاوەنداری دەكەن، زنجیرە درامایەك بەرهەم دەهێنێت كە چیرۆكی شەڕی شەڕڤانە كچەكانی كۆبانێ دژی رێكخراوی داعش دەگێڕێتەوە.

نێوەرۆكی زنجیرە دراماكە پشت دەبەستێت بە كتێبی كچانی كۆبانێ كە لەلایەن گێڵ زیمەك لیمن ژنە نووسەری بەنێوبانگی ئەمریكاییەوە نووسراوە.

لەوبارەوە هیلاری لە توێتەر لە پەیامێكدا رایگەیاند خۆشحاڵە بە هاوكاریكردن لە گێڕانەوەی چیرۆكی ئەو ژنە ئازا و سەرنجڕاكێشانەدا.

ئەمە هاوكاتە لەگەڵ ساڵوەگەڕی رزگاركردنی كۆبانێ لە دەستی چەكدارانی داعش.

ژنانی شەڕڤان لە رۆژئاوای كوردستان رۆڵی سەرەكییان بینی لە شەڕەكاندا لە دژی چەكدارانی داعش، ئەمە سەرنجی جیهانی بەلای خۆیدا راكێشا.

هیلاری سەر بە حزبی دیموكراتە كە حزبی جۆ بایدن سەرۆكی ئەمریكاشە و لە هەڵبژاردنەكانی ئەم دواییەدا توانیان سەرجەم سەرۆكایەتییەكان لە ئەمریكا بە دەستەوە بگرن.

بەڕێوەبەرایەتی نوێی ئەمریكا هەنگاوی زیاتر دەنێت بۆ پشتیوانیكردن لە رۆژئاوای كوردستان و لە یەكەم رۆژی هاتنەسەر كاری بایدندن هێزی زیاتر رەوانەی رۆژئاوای كوردستان دەكرێت.
سەرچاوە/voa، ئاژانسەكان