كاتی دەستپێكردنەوەی خوێندنی سەرجەم پۆلەكان دیاری دەكرێت

سەردێر

خەڵك-
لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە پەڕلەمانی كوردستان كاتی دەستپێكردنەوەی پڕۆسەی خوێندنی سەرجەم پۆلەكان بۆ حكومەتی هەرێم دیاری دەكات و داوا لە لیژنەی باڵای ڕووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا دەكات دوابڕیار لەوبارەیەوە دەربكات.

سەرچاوەیەك لە پەڕلەمانی كوردستان بۆ (خەڵك) ئاماژەی بەوەكرد، لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا ئەمڕۆ كۆبوونەتەوە و داوا لە حكومەتی هەرێم و لیژنەی باڵای ڕووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا كراوە لە مانگی شوبات (2)ەوە پڕۆسەی خوێندن بۆ پۆلەكانی (1ی بنەڕەتی تاوەكو 11ی ئامادەیی) دەستپێبكاتەوە.

ڕاشیگەیاند، كە لە ماوەی ڕابردوودا چەند تێبینییەكیان هەبووە لەسەر دواخستنی پڕۆسەی خوێندنی ئەو پۆلانە بۆ 1ی ئازار، چونكە ئەو دواخستنە پەیوەندی بە كۆرۆناوە نییە، بەڵكو پەیوەندی بە پێنەدان و لێبڕینی مووچەوە هەیە لەلایەن حكومەتەوە.

لای خۆشیەوە، عەبدولسەلام دۆڵەمەڕی، سەرۆكی لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە پەڕلەمانی كوردستان لە هەژماری خۆی لە فەیسبووك بڵاویكردۆتەوە، كە ئەمڕۆ لیژنەكەیان كۆبۆتەوە و سەبارەت بە پڕۆسەی خوێندن و هەردوو پێشنیازە یاسای خوێندن و زانكۆ تایبەتەكان چەند نووسراوێكی ئاڕاستەی حكومەتی هەرێم و وەزارەتەكان كردووە.

ڕاشیگەیاندووە، گفتوگۆی ورد كرا لەسەر دەسپێكردنەوەی پڕۆسەی خوێندن بۆ ئەو قۆناغانەی لە ئێستادا بەهۆی ڤایرۆسی كۆرۆنا (كۆڤید19) دەستی پێ نەكردۆتەوە، دوای گفتوگۆی ورد بڕیار درا نووسراوێك ئاڕاستەی لیژنەی باڵای ڕووبەڕووبونەوەی كۆرۆنا بكرێت بۆ ئەوەی لە مانگی (شوبات) خوێندن بۆ ئەو قۆناغانە دەست پێ بكاتەوە بە جێبەجیبَكردنی ڕێنمایە تەندروستیەكان.

لە ماوەی ڕابردوودا لیژنەی باڵای ڕووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا بڕیاریدا بە دەستپێكردنەوەی پڕۆسەی خوێندن تەنها بۆ پۆلی 12ی ئامادەیی و دواخستنی خوێندنی پۆلەكانی دیكە بۆ سەرەتای مانگی ئازار و بڕیاریشدرا لە مانگی شوبات كۆبوونەوەی دیكە بكرێت بۆ هەڵسەنگاندنی دۆخەكە.