سەردێر

ئامارێكی نوێ لەبارەی ژمارەی گیانلەدەستدان بە كۆرۆنا بڵاوكرایەوە

خەڵك-
لەو دەمكەی بۆ یەكەمجار لە كانوونی یەكەمی 2019 سەریهەڵدا، ڤایرۆسی كۆرۆنا بۆتە مایەی گیانلەدەستدانی 2.12 ملیۆن كەس لە جیهان.

بەپێی ئامارە فەرمییەكان، تائێستا زیاتر لە 99.14 ملیۆن كەس لە جیهاندا تووشی كۆرۆنا بوون، لەو ژمارەیەش لانی كەم 70 ملیۆن كەس چاكبوونەتەوە.

ویلایەتە یەكگرتووەكان زۆرترین زیانی بەركەوتووە بەهۆی پەتاكەوە، بەو پێیەی زیاتر لە 419 هەزار حاڵەتی گیانلەدەستدانی تۆماركردووە، دواتر بەرازیلە كە 217 هەزار كەس بەهۆی پەتاكەوە مردوون، پاشان هندستانە كە زیاتر لە 153 هەزار مردنی تۆماركردووە، لە مەكسیك 149 هەزار حاڵەتی گیانلەدەستدان تۆماركراوە، لە بەریتانیاش نزیكەی 100 هەزار كەس بەهۆی پەتاكەوە گیانلەدەستداوە.

ڤایرۆسی كۆرۆنا لە سەرەتاوە لە مانگی كانوونی یەكەمی 2019 لە شاری وۆهانی هەرێمی هۆبی وڵاتی چینەوە سەریهەڵدا، دواتر بە هەموو جیهاندا بڵاوبۆوە، لە مانگی ئاداری ڕابردووش ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی، كۆرۆنای وەك پەتایەكی جیهانی پۆلێن كرد.