سەردێر

ئەگەر ڕێككەوتن نەكرێت بودجە بەبێ‌ كورد تێدەپەڕێت

شاندەكە هەر لە بەغدادن و لەگەڵ لایەنی دیكەش كۆدەبنەوە

 

ئەندامێكی پەڕلەمانی عێراق دەڵێت،لیژنەی دارایی لایەنێكی جێبەجێكار نییە بەڵكو تەنها پێشنیارەكانی كوردی وەرگرتووە.

سەلیم شوشكەیی ئەندامی پەڕلەمانی عێراق بە(خەڵك) ی ڕاگەیاند، شاندەكەی هەرێمی كوردستان كۆبوونەوەیان لەگەڵ لیژنەی دارایی ئەنجامداوەو پێشنیارەكانی كوردیان گەیاندووە، بەڵام ئەو كۆبوونەوەیە هەرێم و بەغداد ناگەیەنێتە ڕێككەوتن، چونكە لیژنەی دارایی لایەنی جێبەجێكار نییەو تەنها پێشنیارەكانی وەرگرتووە.

وتیشی، شاندەكە هەر لە بەغدادن و لەگەڵ لایەنی دیكەش كۆدەبنەوە بەڵام گەشبین نیم بەو كۆبوونەوانە و پێم وانییە بگەنە ڕێككەوتن.

ئاماژەی بەوەشكرد” ئێستا دوادەرفەتە بۆ كورد ئەگەر لەماوەی ئەم هەفتەیەدا نەگەنە ڕێككەوتن بودجە بەبێ‌ كورد تێدەپەڕێندرێت”.
ئەو پەڕلەمانتارە ئەوەشی خستەڕوو، حكومەتی هەرێم مەبەستێتی ڕێككەوێت لەگەڵ بەغدا بەڵام بەغداد خۆی یەكلا نەكردۆتەوە ئەوەش یەكێكە لە كێشەكان جارێك داوای نەوت دەكەن و جارێك داوای نرخی نەوت دەكەن و مەرجەكانی قورسن، ئێستاش دەرفەتێكی ئەوتۆ نەماوە تیایدا بگەنە ڕێككەتن.

ڕۆژی یەكشەممە شاندێكی حكومەتی هەرێمی كوردستان سەبارەت بە پرسی بودجە كۆبونەوەی لەگەڵ لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ئەنجامداو بەپێی زانیاریەكان كۆبوونەوەكان بەردەوامیان دەبێت.

خەڵك-بەشی هەواڵ