سەردێر

كێڵگە پەلەوەریەكان زیانی 6 ملیار دیناریان پێگەیشتووە

 

بەرز بوونەوەی نرخی دۆلار بەرامبەر دیناری عێراقی زیانی 6 ملیار دیناری بە كێڵگە پەلەوەریەكان گەیاندووە.

نازم عەبدولڵا وتەبێژی پێشووی كۆمەڵەی كێڵگە پەلەوەریەكانی كوردستان بە (خەڵك) ی ڕاگەیاند، بەرز بوونەوەی نرخی دۆلار زیانی زۆری بە خاوەن پرۆژەكانی پەلەوەر لە هەرێمی كوردستان گەیاندووە، بەجۆرێك تەنێك عەلەف لە ماوەی یەك ڕۆژدا هەفتەی ڕابردوو 50 دۆلار زیادی كردووە.

وتیشی، پێش ئەوەی نرخی دۆلار بەرزبێتەوە هەموو كیلۆ مریشكێك دوو هەزار دینار لەسەر ئێمە كەوتووە بەڵام ئێستا ئەونرخە دابەزیوە بۆ1600 دینارە و ئەمە زیانێكی زۆری بە خاوەن پڕۆژەكان گەیاندووە.

ئاماژەی بەوەشكرد، تەنێك عەلەف لە ماوەی یەك ڕۆژدا هەفتەی ڕابردوو 50 دۆلار زیادی كردووە واتە لە ماوەی نزیكەی 3 مانگدا 90 بۆ 100 دۆلار بەرز بۆتەوە.

نازم عەبدوڵڵا ئەوەشی خستەڕوو” سووتەمەنی گرانە غاز گرانە دەرمان و ڤیتامینات و ڤاكسین گرانە، ئێمە ئەم شتانە هەمووی بە دۆلار ئەیكڕین و بە دینار ئەیكەینە بازاڕەوە”.

لەبارەی ئەو زیانانەی بە كێڵگە پەلەورییەكان گەیشتووە نازم عەبدوڵا ئاماژەی بەوەكرد ، بەپێی ئەو خەمڵاندنەی كردوویانە،
ئەگەر 400 هۆڵ فرۆشرابێت هەر هۆڵێك 15 ملیۆن دینار زیانی پێگەیشتبێت هەمووی دەكاتە 6 ملیار دینار بەڵام زیانەكان لەوەش زیاترە.

وتیشی، ئومێد دەكەم حكومەتی هەرێم بازاڕمان بۆ بدۆزێتەوە و مریشكی بەستوو قەدەغە بكات ، چونكە زیانە تەندروستیەكانی زۆرن و بۆ ئەوەی ڕێستۆرانت و شوێنەگشتییەكان و وەزارەتەكانیش سوود لە بەرهەمی ناوخۆ وەربگرن.

خەڵك-بەشی هەواڵ