بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی گەرمیان ڕایدەگەیەنێت، دادگای گەرمیان بڕیاری سزادانی بۆ دوو تۆمەتبار دەركرد كە تۆمەتبار بوون بە ڕووخاندنی ماڵی هاووڵاتیانی كورد لەگوڵاڵە.
بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی گەرمیان لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژە بۆ ئەوە دەكات، دوای ئەوەی لە چەند مانگی ڕابردوودا توانرا بە تۆمەتی تیرۆر و ساختەكردن دوو تۆمەتبار دەستگیربكرێن، دۆسیەكەیان خرایە بەردەم دادەوەری لیكۆڵینەوەو دوای چەندین دانیشتنی دادگا و خستنەڕووی تەواوی بەڵگەكان و دانپیادانانی تاوانباران بە تاوانەكانیاندا سەرئەنجام لە لایەن سەرۆكایەتی دادگای تاوانەكانی كەركوك/گەرمیان سزا دران.
ئاشكراشیكرد، تۆمەتباری یەكەم بەناوی (ع، م، م، ا) لە دایكبووی (1976)و دانیشتووی گوندی (شفیق ئاغا)ی قەزای خانەقینە لە بەرواری 22/5/2019 بە تۆمەتی ئەنجامدانی كردەوەی (تیرۆریستی و تێكدانی ماڵی كوردەكانی ناحیەی گوڵاڵە لە سنووری قەزای خانەقین دەستگیركراوە و لە بەرواری 20/1/2021 بە پێی ماددەی(3)ی تیرۆر بڕگەی (7) بە (6) شەش ساڵ زیندانی سزا درا، هەروەها تۆمەتباری دووەم ڕۆژی 10/11/2020 بە تۆمەتی ساختەكردنی ڕێگەپێدانی زاڵگە لە سنووری ناحیەی قۆرەتوو دەستگیركراوە و بەبڕیاری دادگا حەوت مانگ زیندانی دەكرێت.
ڕوونیشیكردەوە، بۆ بەسەربردنی ماوەی سزاكانیان، ئەو دوو هاووڵاتییە ڕەوانەی بەرێوەبەرایەتی چاكسازی گەورانی سلێمانی كران.
خەڵك-بەشی هەواڵ