سەردێر

لەسلێمانی ٨ ئۆتۆمبێل دزراون

 

لەسەرەتای ئەمساڵەوە تاكو ئێستا هەشت ئۆتۆمبێلی هاووڵاتییان دزراون، كە بە وتەی وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی ئەم ڕێژەیە لەدزیكردن ئاساییە و جەخت لەوەش دەكاتەوە، توانیویانە شەش ئۆتۆمبێل لەو ئۆتۆمبێلە دزراوانە بدۆزنەوە.

سەركەوت ئەحمەد وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، لەسەرەتای ئەمساڵەوە تاكو ئێستا هەشت ئۆتۆمبێلی هاووڵاتییان دزراون، كە لە ئەنجامی لێكۆڵینەوە و بەدواداچوونەكانیان توانیویانە شەش ئۆتۆمبێل بدۆزنەوە.

ئاماژەی بەئەوەشدا، لەئێستادا تەنها دوو ئۆتۆمبێل ماوە كە نەدۆزراونەتەوە، ئەوانیش لەژێر لێكۆڵینەوەدان، بۆ ئەوەی بیاندۆزنەوە.

باسی لەئەوەشكرد، ئەم دزییانە گروپ و ڕێكخراوی تاوانكاری نەیانكردووە، بەڵكو هەر كەسێك و لای خۆیەوە دزییەكەی كردووە.

ئەوەشی باسكرد، هەندێك دزی بەهۆی كەمتەرخەمی خاوەن ئۆتۆمبێلەكەوەیە، بۆ نمونە دوو حاڵەت لەو دزییانە بەجۆرێك بووە، كە خاوەن ئۆتۆمبێلەكە بەیانی زوو چووە ئۆتۆمبێلەكەی هەڵكردووە بۆئەوەی گەرم بێت، دواتر ڕۆشتووەتە ماڵەوە بۆئەوەی خۆی بگۆڕێت، بەڵام كە هاتووەتەدەرەوە ئۆتۆمبێلەكەی لەوێ نەماوە، بێگومان ئۆتۆمبێل كە سویچی لەسەربوو، ئەگەری دزینی هەیە و بۆ كەسێك كە دزی بكات، زۆر ئاسانە.

ئاماژەی بەئەوەشدا، بەپێی مادەی ٤٤٦ لەیاسای سزادانی عێراقی سزای ئەو كەسانە دەدرێت كە دزی دەكەن، جۆری سزاكەش بەپێی حاڵەتەكان دەگۆڕێت.

وتیشی”هەندێك لە حاڵەتەكانی دزیكردن بە سویچی جۆكەر بووە، هەندێكی دیكەش جامی ئۆتۆمبێلەكەیان شكاندووە، دواتر تۆپەی سوكانەكەیان شكاندووە و چەتاڵیان كردووە”.

ڕوونیشیكردەوە، بۆ شارێكی وەك سلێمانی كە نزیكی دوو ملیۆن ئۆتۆمبێلی تێدایە و دۆخی دارایی باش نییە و دەیان خەڵكی جۆراوجۆر لەم شارەدا دەژین، ئەو ڕێژەیە لەدزیكردن ئاساییە.

بەهۆی ووردی لە بەدواداچوون و لێكۆڵینەوەكان بەشێكی زۆر لەو كەسانەی تاوانكاری دەكەن یان دزی دەكەن، دەستگیردەكرێن و سزای یاسایی دەدرێن، بەتایبەت لە ئێستادا كە بەشێكی زۆر لەماڵ و شوێنە گشتییەكان و شەقامەكان بەكامێرای چاودێری كۆنتڕۆڵكراون، بۆیە دۆزینەوەی كەسانی تاوانكار ئاسانترە لەپێشتر.

سلێمانی – نزار جەزا