سەردێر

هۆشداری بەكارهێنانی جۆرێك دەرمان دەدرێت

نوێنەری بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی لە لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، لەسەر سكاڵای هاووڵاتیان، قائیمقامیەتی سلێمانی دەست بەسەر بڕێك دەرمانی نایاسایدا دەگرێت.

د. پەرست نەقشبەندی پزیشكی دەرمانساز و نوێنەری بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی لەلیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژە بۆ ئەوە دەكات، لەسەر سكاڵای هاووڵاتیان، لیژنەكانی قائیمقامیەت دەستیان بەسەر بڕێك دەرمانی زیادكردن و كەمكردنەوەی كێشدا گرتووە كەبەشێوەیەكی نایاسایی هاوردەی شاری سلێمانی كراوە.

وتیشی”بەكارهێنانی دەرمان پێویستە لەلایەن‌ پزیشكی تایبەتمەندەوە‌ دیاری بكرێت و لە دەرمانخانە فەرمییەكان بكڕدرێت و پزیشكی دەرمانساز شێوازەكەی بۆ نەخۆشەكان ڕوونبكاتەوە، پاشان بەكاربهێنرێت”.

ئاشكراشیكرد، ئەو دەرمانانەی لەڕیگەی پەیجەكانی تۆڕی كۆمەڵایەتی و بەشێوەی ئۆنلاین بە هاووڵاتیان دەفرۆشرێت نایاساییە، چونكە لەگەڵ ئەوەی نازانرێت پێكهاتەكەی چییە، ئەو دەرمانانە بەسەرچوون و شێوازی بەكارهێنانەكەشی هەڵەیە، هەرلەبەر ئەمەش لەڕێگەی تەلەفۆنەوە دەگەیەنرێتە دەستی كڕیارەكان، ئەمەش زیان بەتەندروستی ئەو كەسانە دەگەیەنێت‌.

ڕوونیشیكردەوە، لیژنەكان بەدواداچوونیان كردووە و دەركەوتووە كۆگایەی ئەو جۆرە دەرمانانە لەشاری سلێمانی بوونی نیە، بەڵكو لەشارەكانی دیكەی هەرێم و عێراقەوە بەشێوەی قاچاغ و بەڕێژەی كەم هاوردە دەكرێت و بە هاووڵاتیانی شاری سلێمانی دەفرۆشرێت.
نەقشبەندی ڕاشیگەیاند، داوا لە هاووڵاتیان دەكەین بۆ زیادكردن یان كەمكردنەوەی كێش، جوانكاریی و بەهێزی جەستە یان هەرجۆرە نەخۆشییەكی دیكە لەو جۆرە دەرمانانە بەكارمەهێنن، چونكە زیان بەتەندروستی خۆیان دەگەیەنن.

دەشڵێت”بەفەرمانی قائیمقامی سلێمانی تەواوی ئەو دەرمانەی دەستی بەسەردا گیراوە لەلایەن لیژنەی تایبەتمەندەوە لەناودەبرێت”.

خەڵك-بەشی هەواڵ