سەردێر

تەرمی 5 كۆڵبەری كورد دۆزرانەوە

ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو ڕایدەگەیەنێت، دوای تێپەڕینی ٨ ڕۆژ لە گیانلەدەستدانی پێنج كۆڵبەری خەڵكی ئورمیە لە سنوورەكانی ڕۆژهەڵات و باكووری كوردستان كە بە هۆی هەرەسی بەفرەوە گیانیانلەدەستدا، تەرمەكانیان دۆزرایەوە.

ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژە بۆ ئەوە دەكات، دوای تێپەڕبوونی ٨ ڕۆژ لە گیانلەدەستدانی پێنج كۆڵبەری خەڵكی گوندی “كوران” سەر بە ناوچەی سۆما و برادۆستی ئورمیە سەرئەنجام تەرمەكانیان ئێوارەی دوێنێ دوو شەممە لەلایەن دانیشتووانی ناوچەكەوە دۆزرایەوە و گەڕێنرانەوە بۆ زێدەكەیان.

یەكێك دانیشتوانی گوندی كوران ئەمڕۆ سێ شەممە بە ڕێكخراوەكەی ڕاگەیاندووە، لەماوەی هەفتەی ڕابردوودا بەرپرسانی سیاسی و ئەمنی ئێران هیچ جۆرە هاوكارییەكی ئەو بنەماڵانەیان نەكردووە و هێزە چەكدارەكانی توركیاش هەڕەشەی تەقەكردنیان لەو خەڵكە كردووە كە بە مەبەستی دۆزینەوەی تەرمەكان ڕوویان لە شوێنی ڕووداوەكە كردووە.

بەپێی زانیارییەكان، ئەو پێنج كۆڵبەرە ڕۆژی دوو شەممەی ڕابردوو لە گوندی دریشكی سەر بە پارێزگای وانی باكووری كوردستان كەوتنە ژێر هەرەسی بەفرەوە و گیانیانلەدەستدا.

 

خەڵك-بەشی هەواڵ