سەردێر

“ئەگەر هەیە هەرێم بێ بەش بكرێت لە بوودجە عێراق”

خەڵك-بەشی هەواڵ

 

بریكاری پێشووی وەزارەتی دارایی و ئابوری حكومەتی عێراقی فیدراڵ ڕایدەگەیەنێت، ئەگەر هەیە ئەمساڵ هەرێمی كوردستان بێ بەش بكرێت لەبەشە بوودجە لە پڕۆژە یاسای بوودجەی عێراق.

د.فازڵ نەبی بریكاری پێشووی وەزارەتی دارایی و ئابوری حكومەتی عێراقی فیدراڵ بە دەنگی ئەمریكای ڕاگەیاند، بابەتی كێشەی نێوان هەرێم و بەغدا تۆزێك قورسە، چونكە ئەوەی هەیە لەلیژنەی دارایی تائەمساتە شتەكان لەبەرژەوەندی هەرێمی كوردستان نییە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا برادەرانی ئێمەش لەلیژنەی دارایی هەوڵێكی زۆر دەدەن بۆ ئەوەی بتوانن ئەو ڕێكەوتنەی كە لەنێوان هەردوولا كراوە لەڕەشنووسەكە وەكو خۆی بڕوات، ئەگەر وەكو خۆیشی نەڕوات هەندێك گۆڕانكاری ئاسانی تێدابكرێت بەوشێوەیە بێت، بەڵام تا ئەمساتە زەحمەتە و ئیشەكە ئاسان نییە.

وتیشی”بابەتی یەكدەنگ نەبوونی پەڕلەمانتارانی كورد لەسەر ئەوە نییە كەبەرگری لەبەشە بودجەی هەرێمی كوردستان نەكەن، نەخێر هەموویان یەكدەنگن لەسەر ئەوەی دەبێت بەرگری لەبەشە بودجەی هەرێمی كوردستان بكەن بەتایبەتی لەبەر مەسەلەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان، بەڵام یەكدەنگ نەبوونەكەیان لەو لایەنەیە كە ئایا حكومەتی هەرێمی كوردستان 250 هەزار بەرمیلەكە ڕادەست دەكات یان نا، لەسەر ئەوە تۆزێك “ئیشكالیان ” هەیە بەڵام حكومەتی هەرێمیش تائێستا لەگەڵ حكومەتی بەغدا نەگەیشتوونەتە ڕێكەوتنێك شتەكە لەولایەنە هەندێك ناڕوونی تێدایە ئەویش ئەوەیە كەبەغداد دەڵێت دەبێت نەوتەكە ڕادەستی سۆمۆ بكرێت و لەڕێگەی سۆمۆوە بفرۆشرێت، هەندێك بەرپرسی هەرێمی كوردستان دەڵێن نەخێر ئێمە خۆمان نەوتەكە دەفرۆشین بەڵام داهاتی ئەو 250 هەزار بەرمیلە ڕادەستی بەغداد.

ئاشكراشیكرد، لەوانەیە كۆمەڵێك گۆڕانكاری لە بودجەدا بكرێت، ئەو بەشە بودجەیەی ئێستا هەیە وەكو خۆی نامێنێت، بۆیە گۆڕانكاری تێدادەكرێت، ئومێدم زۆرە ئەگەر گۆڕانكاریشی تێدابكرێت ئینشااللە بەشێكی ئەگەر كەمیش بێت بۆ هەرێمی كوردستان بێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەش دیسان دەیڵێمەوە ئیشكال زۆرە لەنێوان هەردوولا ئاسان نییە ئیشەكە باڕەشبین نەبین بڵێین نابێت، بەڵام بەڕاستی زەحمەتە.

سەبارەت بە كارتی فشاری هەرێم بەرانبەر بەغدا فازیل نەبی ڕایگەیاند، كارتی فشارمان لەدەست نییە، بەڵام خۆشبەختانە نوێنەری نەتەوەیەكگرتووەكان لەبەغدا، واتە نوێنەری ئەمینداری گشتی نەتەوەیەكگرتووەكان لەبەغدا، ئەمەریكا، هەموو ئەولایەنانە فشاردەكەن بۆئەوەی بەهەر ڕێگەیەك بێت بەشە بوودجەیەك بۆ هەرێمی كوردستان دابنرێت، وە هەرێمی كوردستان بێبەش نەكرێت لەبوودجەی عێراق وەكو ئەوەی كەكرا لەیاسای “هاوكاری كورتهێنانی دارایی، ئەو ئەگەرەش هەیە ئەمساڵ هەرێمی كوردستان بێ بەش بكرێت لەبەشە بوودجە.

ڕوونیشیكردەوە، لە ئەگەری ڕێكنەكەوتنی بەغدا و هەرێم، حكومەتی هەرێم هیچ چارەیەكی نامێنێت مەگەر چاكسازیەكی ڕاستەقینە بكات لەلایەنی خەرجی و لەلایەنی داهات، تەنها ئەوەش ڕێگەچارەیە بۆ دەرچوون لەو قەیرانە داراییەی هەرێمی كوردستانی تێكەوتووە، ئەگەر چاكسازیش بكات، لە دوو سێ مانگی داهاتوو دەتوانێت ئەو بڕە مووچەیەی كەدەداتە فەرمانبەران مانگانە زیادی بكات بەشێوەیەكی پلەبەندی زیادی بكات.