سەردێر

تووشبووانی كۆرۆنا 100 ملیۆنی تێپەڕاند

خەڵك-بەشی هەواڵ

بە گوێرەی دواین ئامار، تووشبووانی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە جیهاندا گەیشتە 100 ملیۆن و 286 هەزار و 772 حاڵەت.
بە گوێرەی ئامارە جیهانییەكان، تاكو كاتژمێر 9ی ئەمڕۆ سێ شەممە ژمارەی تووشبووانی كۆرۆنا لە جیهاندا گەیشتە 100 ملیۆن و 286 هەزار و 772 حاڵەت، لەو ژمارەیەش 2 ملیۆن و 149 هەزار و 496 حاڵەتی گیانلەدەستدانیش هەبووە.

هەر بەپێی ئامارەكان تاكو ئێستا 72 ملیۆن و 313 هەزار و 625 تووشبووی ڤایرۆسی كۆرۆنا چاكبوونەتەوە.

لەسەر ئاستی وڵاتانی جیهان، ئەمریكا زۆرترین ڕێژەی تووشبوون بە پەتاكەی تێدا تۆماركراوە و گەیشتووەتە 25 ملیۆن و 861 هەزار و 597 كەس و 431 هەزار و 392 كەسیش گیانیان لەدەستداوە.

ڤایرۆسی كۆرۆنا نەخۆشییەكی كوشندەیە و مانگی 12ی ساڵی ڕابردوو لەشاری وۆهانی وڵاتی چین سەریهەڵداو لەئێستاشدا لە زیاتر لە 210 وڵات و ناوچەی جیهان بڵاوبووەتەوە.