سەردێر

دوای دوو ساڵ تەرمی قوربانیانی بەلەمەكەی موسڵ دەدۆزرێنەوە

دوای نزیكەی دوو ساڵ بەسەر ڕووداوەكەدا كە تێیدا نزیكەی دووسەد كەس بونە قوربانی، تەرمێكی تری ڕووداوی بەلەمەكەی موسڵ دۆزرایەوە.


ئەمڕۆ دوو شەممە، سەرچاوەیەكی ئەمنی بە میدیاكانی عیراقی ڕایگەیاند”دوای نزیكەی دوو ساڵ بەسەر ڕووداوەكەدا، پۆلیسی ڕووبارەكان لە پارێزگەی نەینەوا، تەرمێكی تری دۆزییەوە كە یەكێكە لە قوربانیانی ڕووداوی نقومبوونی بەلەمەكەی موسڵ”.

بە وتەی سەرچاوەكە”لەئێستادا تەرمەكان دەردەكەون بەهۆی دابەزینی ئاستی ئاوی ڕووباری دیجلە”.

دوێنێ‌ یەك شەممە، پۆلیسی ڕووبارەكان لە نەینەوا، دۆزینەوەی پێنج تەرمی لە ژێر پردەكانی پێنج و چوار و یەكی موسڵ ڕاگەیاند كە قوربانی ڕووداوی بەلەمەكەی موسڵ بوون.

سەرچاوەكان دەڵێن”تەرمەكان بە تەواوەتی لەبەریەك هەڵوەشاون، بەڵام چوارییان ناسراونەتەوە، بەو هۆیەی ناسنامەیان لە گیرفاندا بووە”.

دوای تێپەڕینی نزیكەی دوو ساڵ، تائێستاش دەیان كەس لە قوربانیانی ڕووداوی بەلەمەكەی موسڵ بێسەروشوێنن و نەدۆزراونەتەوە.

خەڵك- بەشی هەواڵ