سەردێر

شاندی پەرلەمان لەگەڵ وەزیری پێشمەرگەدا كۆبووەوە

شاندی پەرلەمانی كوردستان لەگەڵً وەزیری پێشمەرگەدا كۆبووەوە و لە كۆبوونەوەكەدا باس لە پتەوكردنی پەیوەندی نێوان هەردوو دەسەڵاتی یاسادانان و ڕاپەڕاندن كرا، ئاماژە بەو هەوڵانەش كرا كە بۆ یەكخستنی هێزەكانی پێشمەرگە بەردەوامن.

بەپێی ڕاگەیەندراوێك كە لەلایەن وەزارەتی پێشمەرگەی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە بڵاوكرایەوە، “ئەمڕۆ دوو شەممە، شاندی باڵای پەرلەمانی كوردستان و وەزارەتی پێشمەرگە كۆبوونەوە لەكۆبوونەوەی شاندی باڵای پەرلەمانی كوردستان لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە جەخت لەسەر پتەوكردنی پەیوەندیی و هەماهەنگییە هاوبەشەكانی نێوان هەردوو دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێكردن كرایەوە، هەروەك دواین هەنگاوەكانی پڕۆسەی چاكسازی لەوەزارەتی پێشمەرگە لەژێر رۆشنایی یاسای ژمارە 2ی ساڵی 2020 ی چاكسازی حكومەت و پەسندكراوی پەرلەمان تاوتوێیكرا”.

هەر لە بەیاننامەكەدا هاتووە”شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگەی حكومەتی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە د.هێمن هەورامی جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان و سەرۆك و جێگرو ئەندامانی لیژنەی كاروباری پێشمەرگەی پەرلەمان كرد، لەكۆبونەوەیەكیشدا، كە سەربەست لەزگین، بریكاری وەزارەت و ئەمینداری گشتیی و سەرۆكی ئەركان و ئەفسەرانی باڵا ئامادەیبوون، گفتوگۆكرا لەبارەی جێبەجێكردنی یاسا پەسندكراوەكان و هەنگاوەكانی پڕۆسەی چاكسازی و پرسی چاودێری پەرلەمانی بۆ خێراتركردنی ئەو پڕۆسەیە. لەدەستپێكی كۆبونەوەكەدا، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، بەناوی سەرۆكایەتی پەرلەمان و پەرلەمانی كوردستان، ستایشی رۆڵ و قارەمانێتی هێزی پێشمەرگەی كرد لە بەردەوامی پاراستنی خاك و خەڵكی كوردستان، وتیشی: ئێمە لەپەرلەمانی كوردستان تەواوی هەوڵەكانمان لەپرسی چاودێری و بەدواداچوونی كاری پەرلەمانی خستۆتە گەڕ، كە دواجار بەقازانجی باشكردنی ژیان و گوزەرانی پێشمەرگە كۆتایی بێت لەرێگەی ئەو یاسایانەی كە پەرلەمان پەسندیكردوون. لەبەشێكی تری وتەیەكیدا، جێگری سەرۆكی پەرلەمان داوای بەرچاوروونی كرد”.
وەك لە بەیاننامەكەدا ئاماژەی پێكراوە”لەپرسی جێبەجێكردنی پڕۆسەی چاكسازی حكومەت و پێداچوونەوەی لیستی مووچەو یەكخستن و رێكخستنەوەی هێزەكاندا. وەزیری پێشمەرگە روونی كردەوە: لەپڕۆسەی چاكسازی وەزارەتدا هەنگاوی باش چووینەتە پێشەوەو لەرێگەی پێنج لیژنەی سەرەكییەوە ئاراستەی چاكسازی بەهاوكاری هاوپەیمانان بەردەوامی هەیەو، سەڕەرای لەمپەرو ئاستەنگەكان، بەڵام ئیرادەیەكی بەهێز هەیە بۆ گەیشتن بەدوا دەرئەنجامی چاكسازی، كە دروستكردنی هێزێكی نیشتمانی سەربازی سەردەمییانەیە. لەبارەی یەكخستنەوەی هێزەكان، وەزیری پێشمەرگە ئاماژەی بۆ ئەوەكرد، لەئێستادا تەواوی لیوا هاوبەشەكانی پێشمەرگە لەرێگەی پرۆژە یاسای چاكسازی وەزارەت بەهەماهەنگی و راوێژی راستەوخۆی هاوپەیمانان لەرووی تەشكیلات و میلاكاتی سەربازی رێكخراونەتەوە و هەر لەلایەن هاوپەیمانانیشەوە بۆ لەمەودا هاوكاری ماددی و لۆجیستی و سەربازی دەكرێن”.

بە وتەی وەزیری پێشمەرگە”قەبارەی هاوكارییەكانی هاوپەیمانان بۆ هێزی پێشمەرگە، كەوتۆتە سەر ئاستی بەرفراوانی پرۆسەی چاكسازی لەسەرجەم سێكتەرەكاندا، بۆ ئەوەش ئاشكرایكرد: كە یەكگرتنەوەی تەواوەتی هێزەكان پێویستی بەتەوافوقی سیاسیی هەیەو لەرێگەی هاوپەیمانانیشەوە ئەو مەسەلەیە بەهێزو لایەنە سیاسییەكان گەێیندراوە ، كە دەبێت هەمووان لەژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگەدا كۆببنەوە”.

لەبەشێكی تری ووتەكانیدا: وەزیری پێشمەرگە روونی كردەوە”كارو ئەركی پەرلەمانی گرنگ و كاریگەرە لەسەر پرسی هەماهەنگی و هاوكاری وەزارەتی پێشمەرگە بۆ سەرخستن و سەركەوتنی ئەو كارانەی لەوەزارەت دەستمان داوەتێ. بۆئەمەش پێویستیمان بە راوێژو هاوكارییەكانی پەرلەمانتاران و پەرلەمان هەیە لەدیاریكردن و چاودێریكردنی خاڵە ئەرێنی و نەرێنیەكانی پڕۆسەی ریفۆرمی سەربازی لەوەزارەتی پێشمەرگەدا. هەر لەوكۆبونەوەیەدا سەرۆك وئەندامانی لیژنەی كاروباری پێشمەرگە سەرنج و پێشنیارەكانیان خستەڕوو، لەلایەن تیمی باڵای وەزارەتی پێشمەرگە وەڵامی پێویست و روون درانەوە. لەسەر پێشنیازی لیژنەی پێشمەرگەی پەرلەمانیش پێشنیاركرا كۆبونەوەیەكی پەرلەمانی لە پەرلەمانی كوردستان بۆ هەماهەنگی زیاتری نێوان هەردولا لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە رێكبخرێت”.

خەڵك- بەشی هەواڵ