سەردێر

“ئەردۆغان لەهێرشكردن جدییە”

 

ئەندامێكی نوێنەرایەتی كانتۆنەكانی رۆژئاوای كوردستان لە هەرێم، ئاماژە بەوە دەكات هێرشەكانی ئەردۆغان بۆ سەر كوردان جدین و پێویستە بەهەند وەر بگیرێن.

فەتحوڵڵا حسێنی ئەندامی نوێنەرایەتی كانتۆنەكانی رۆژئاوای كوردستان لە هەرێم بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، هێرشەكانی توركیا نەوەستاون لەسەر شنگال و باشور و پێویستە هەموو كات هێرشەكان بەجدی وەربگرین، چونكە بۆ سەر هەموو كوردانە.

وتیشی: هێرشەكانی ئەردۆغان جدیەو زۆر مەترسیدارە و لە پێش دەسبەكاربوونی ئیدارەی نوێی ئەمریكاوە دەیەوێت ناوچەی زیاتر داگیر بكات و ئێمەش چاوەڕوانین بزانین دۆخەكە بەكوێ‌ دەگات.

ئەمڕۆ هاوسەرۆكی دەستەی بەرگری لە بەڕێوەبەرایەتی خۆسەری باكور و خۆرهەڵاتی سوریا زێدان عاسی بۆ ئاژانسی هەواڵی هاوارنیوز ئاشكرایكرد توركیا بیر لە هێرشدەكاتەوە بۆ شاری دێرك لە رۆژئاوا بەرە و شنگال لە باشور، ئەمە زۆر مەترسیدارە.

زێدان عاسی رونیشیكردەوە لە حاڵی هێرشی توركیا یان هەر كردەیەكی دیكەدا جەنگ كورت نابێتەوە لە تەنها لە دێرك، بەڵكو جەنگێكی كراوە دەبێت لەسەرانسەری سنوور لە دێركەوە بۆ عەفرین.

خەڵك-بەشی هەواڵ