سەردێر

داوای ماف و ئیمتیازاتی پێشمەرگە دێرینەكان دەكرێت

داوا دەكرێت و قۆرخكاری و قاچاخی خاڵە سنوریەكان كۆتایی پێ بهێنرێ و داهاتی ئەو هەرێمە بخرێتە خزمەتی چین و توێژەكانی كوردستان.

كۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینەكان و گوڵان و پێشمەرگەی دێرینی سەرجەم هێزولایەنە سیاسیەكانی هەرێمی كوردستان، لەبارەی پڕۆژە یاسای ڕێزلێنان لە پێشمەرگە دێرینەكان سەردانی پەرلەمانی كوردستانیان كردو داوا دەكەن یاسایەكی تایبەت بە ماف و ئیمتیازاتی پێشمەرگە دێرینەكان دەربكەن .

 

عوسمان سێدەری، سەرۆكی لیژنەی پێشمەرگە لەپەڕلەمانی كوردستان ڕایگەیاند، ئامانجێكی سەردانەكەیان بەدواداچوون بوو لەسەر پڕۆژە یاسای ڕێزلێنان و ماف و ئیمتیازاتی پێشمەرگە دێرینەكان، جێگای داخە دوای ٢٩ ساڵ قسە لەسەر ماف و خزمەتكردنی پێشمەرگە دێرینەكان بكرێت، ئەوەش كەمتەرخەمی حكومەت و پەڕلەمانە و ئومێد دەكەین بەزووترین كات یاساكە دەربچێت و پشتیوانیش دەبین بۆیان.

لای خۆشیەوە جەمیل هەورامی، سەرۆكی كۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینەكانی كوردستان ڕایگەیاند، وێڕای باسكردن لەگوزەرانی خراپی پێشمەرگە تاكە شتێك دادپەروەری تێدابووبێت مردن بووە، بەڵام بەداخەوە ئەویش جیاوازی تێ كەوتووە، گۆڕی هەندێ كەس ڕازانەوەی بۆ دەكرێـت و هەندێكیش دەبێت زەوی بكڕێت بۆ ناشتنی.

جەختیشی كردەوە، قەیرانی درایی هۆكاری ئارامی ئەوان بووە ئێستا داوا دەكەن هەرچی زووە داهاتی ئەو هەرێمە بخرێتە خزمەتی چین و توێژەكانی كوردستان یاسای چاكسازی جێبەجێ بكەن و قۆرخكاری و قاچاخی خاڵە سنوریەكان كۆتایی پێ بهێنرێت.

دەشڵێت، سەڕەڕای خزمەتی بەرچاو كەچی تا ئێستا پێشمەرگەی دێرین هەیە زەویان پێ نەدراوە، جگە لەمووچەكەشیان بێ بەشن لەهەموو ماف و ئیمتیازێكی تر.

خەڵك-ئارام سەردار