لە شارەكانی وان، بەدلیس، مووش و هەكاری بەهۆی بەفربارینەوە رێگای ٢٨٧ ناوچەی نیشتەجێبوون داخراوە.
بەپێی ڕاگەیەنراوێكی پارێزگای وان لە ناوەندی پارێزگاكەو شارۆچكەكانی دەوروبەری ڕێگای 84 ناوچەی نیشتەجێبوون گیراوە.
هەرلە ڕاگەیەنراوەكەدا هاتووە، لە پارێزگای هەكاری بەهۆی خراپی كەشوهەوا رێگای ١٦ گوند و ٧٤ كێڵگەی سەر بە پارێزگاكە گیراون.
ئاماژە بەوەكراوە، بۆ رێگری كردن لە دروستبوونی كۆسپ و ئاستەنگ لەبەردەم ژیانی رۆژانەی هاووڵاتییان، تیمەكانی شارەوانی سەرقاڵی كردنەوەی رێگا داخراوەكانن.
هاوكات، لە پارێزگای مووش بەهۆی كەڵەكەبوونی بەفر رێگای ٢٣ گوند گیراوەو بەهۆی ساردی كەشوهەواشەوە سەقفی ماڵەكان بەستویەتی و هاووڵاتییان بەزەحمەت دەتوانن ئۆتۆمبێلەكانیان لەژێر بەفر دەربهێنن.
لە شەواندا پلەی گەرمای پارێزگای مووش دەگاتە ١٩ پلە ژێر سفر و بەوهۆیەوە تەنانەت درەخت و رووەكەكانیش بەستویانە.
بەڕێوبەری رێگاوبانی پارێزگای بەدلیس، ئومیت كورتكان لە لێدوانێكیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو باسی لەوە كردووە، بەهۆی بەفرەوە رێگای ٩٠ ناوچەی نیشتەجێبوون داخراون.
خەڵك-بەشی هەواڵ