سەردێر

داعش چەكی ركابەرەكان

چاودێرێكی سیاسی ڕایدەگەیەنێت، داعش لەلایەن هێزە سیاسییە نێوخۆیی و دەركییەكانەوە دژی یەكتر بەكاردەهێنرێن.

ماوەیەكە جموجوڵەكانی داعش و تەقینەوەكانی لە عێراق زیادیان كردووە و بەهۆیەوە چەندین قوربانی لێكەوتووەتەوە، ئەمەش لەكاتێكدایە چەند ساڵێك لەمەوبەر حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی پێشووتری عێراق كۆتاییهاتنی داعشی لە عێراق ڕاگەیاند.

عەبدوڵڵا ڕێشاوی چاودێری سیاسی بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، بابەتی داعش وەكو كارتێك بەكاردێت بۆ ململانێی سیاسییەكان لەنێوان هێزەكان، هێزی ناوخۆیی بێت یان نێودەوڵەتی.

وتیشی”داعش هێزێكی بێ ئەجێندان و سوود لەو ململانێ سیاسییە وەردەگرن كە لە نێوان هێزە سیاسییەكان هەیە و لەوێوە دزە دەكەنە نێو بارودۆخەكەوە”.

ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، هەموو هێزەكان باسی دژایەتی داعش دەكەن، بەڵام سەیر دەكەین داعش هەمیشە ماوەو ناوبەناو سەرهەڵدەدات، لەوكاتانەش سەرهەڵدەدات كە سەیر دەكەیت لایەك دەیەوێت بەكاریبهێنێت دژی لایەكەیتر.

ڕوونیشیكردەوە، داعش خۆبەخۆ كار ناكات، بەڵكو لەناو ئەم هەموو دونیای تەكنەلۆژیایە و سیكۆریتی و چاودێرییەدا لەناوبردنی داعش ئاسانترە لە ساڵانی پێشوو، بەڵام هێشتا دەهێڵرێتەوە بۆ ئەوەی لە ململانێ سیاسییەكان بەكاربهێنرێت.

ئاشكراشیكرد، تاكو هەڵبژاردەكانی عیراق چەند تەقینەوەو چالاكییەكی داعش دەبینین، ئەمەش ئەوەمان پێدەڵێت ئەم گروپە چۆن بەكاردەهێنرێت لە ململانێ سیاسییە ناوخۆی و هەرێمی و نێودەوڵەتییەكاندا.

ڕێشاوی جەختی لەوەش كردەوە، بابەتێكی قورسە بیسەلمێنێ كە تەقینەوەكان بەناوی داعشەوە دەكرێت لەلایەن هێزە سیاسییەكانەوە، وتیشی”خودی داعش بەكاردەهێنرێن، وەكو دەوترێ داعش بەرپرسیارێتی خۆی ڕاگەیاند، بەڵام ئەوەش هەیە كە هەمووی ماڵپەڕێكە و ڕاگەیەنراوێكە و كەس نازانێت ئەسڵەكەی كوێیە”.

ئاشكراشیكرد، جموجوڵەكانی داعش پەیوەندی بە بایدنەوە نییە، بەڵام فشارێكی زۆر هەیە بۆ چوونەدەرەوەی هێزە بیانییەكان، لە ناوخۆشدا ململانێ هەیە و لەوانەیە داعشیش دزەی كردبێتەنێو ململانێكان.

خەڵك-بەشی هەواڵ