سەردێر

مێرسیدس بێنز ئۆتۆمبێلەكانی بۆ كەشی كوردستان دروستدەكات

سلێمانی – نزار جەزا

ئەمڕۆ شەممە لەشاری سلێمانی بەئامادەبوونی بەڕێوەبەری گشتی كۆمپانیای مێرسیدس بێنز دوو ئۆتۆمبێلی نوێی مێرسیدس بێنز نمایشكرا، كە تایبەت بەكەشی هەرێمی كوردستان دروستكراون.

نوێترین جۆری ئۆتۆمبێلی ئی كڵاس ٢٠٠ و ئۆتۆمبێلی ئی ٢٠٠ كوپێ لە ڕێوڕەسمێكدا لەشاری سلێمانی نمایشكران.

ئەو دوو ئۆتۆمبێلەی كە لەئەمشەودا نمایشكران، تایبەتبوون بە هەرێمی كوردستان و عیراق و بەشێوەیەكی گشتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، چونكە ئەم ناوچەیە تایبەتمەندی خۆی هەیە، كەشوهەوا و كوالیتی بەنزین و شەقامەكانی بۆ هاتووچۆی ئۆتۆمبێل جیاوازن لە ئەڵمانیا.

عەباس حەمەكەریم، بەڕێوەبەری گشتی كۆمپانیای برایت كاسل مۆتۆرز، بریكاری گشتی مێرسیدس بێنز بۆ ئۆتۆمبێل لەعیراق بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، ئەم ئۆتۆمبێلانە بەراورد بەو ئۆتۆمبێلەی كە لەئەڵمانیا دروستدەكرێن جیاوازن، بۆ نمونە هەرێمی كوردستان هاوینانی گەرمە، بۆیە ساردكەرەوەكەی (تبرید) بەهێزتر كراوە، مەكینەكەی بەشێوەیەك دروستكراوە كە بۆ بەنزینی هەرێم بگونجێت، هەروەها تایەكانی وا دروستكراون بۆ شەقامەكانی هەرێم بگونجێت.

ئەوەشی خستەڕوو، ماوەی ٢٤ كاتژمێر هێڵی خزمەتگوزارییان هەیە، هەر خاوەن مێرسیدس بێنزێك دەتوانێت پەیوەندی بكات و بەشێوەیەكی گونجاو خزمەتی دەكەن.

كۆمپانیای مێرسیدس بێنز كۆمپانیایەكی تایبەتە بەبەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێل، كە لەماوەی ساڵی ٢٠٢٠دا توانی لەسەدا ٢٠ فرۆشی زیاد بكات، ئەمەش سەركەوتنێكی گەورەبوو بۆ كۆمپانیاكە، چونكە بەگشتی ساڵی ٢٠٢٠ ساڵێكی پڕ قەیرانی جۆراوجۆربوو لەجیهاندا، بەتایبەت بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا كاریگەری لەسەر بازاڕی كاری هەموو جیهان دروستكرد.

مستەفا شێخ عەبدولڕەحمان سەرۆكی یەكێتی هاوردە و هەناردەكارانی هەرێم بە(خەڵك)ی ڕاگەیاند، كردنەوەی لقی ئەم كۆمپانیا گەورانە لەهەرێمی كوردستان گرنگی خۆی هەیە، چونكە ئۆتۆمبێلەكان لەدەستی یەكەوە دەگاتە كڕیار و گرەنتی سێ ساڵیان لەگەڵدایە و خاوەنی ئۆتۆمبێلەكانی مێرسیدس بێنز دەتوانن لەوەرشەكانیان ڕاستەوخۆ ئۆتۆمبێلەكانیان چاكبكەنەوە.

زیاتر ڕوونیكردەوە، هەلی كار بۆ هاوڵاتییانی هەرێم دەڕەخسێت، ئەمەش وادەكات هاووڵاتییان سودمەندبن و ئابووری هەرێم ببوژێتەوە.

سەرۆكی یەكێتی هاوردە و هەناردەكارانی هەرێم ئەوەشی خستەڕوو، هەوڵدەدەن لەڕێگەی ئەندامەكانیانەوە لەگەڵ كۆمپانیاكانی تریش گفتوگۆ بكەن، بۆئەوەی لقی خۆیان لەهەرێمی كوردستان بكەنەوە، هەر كاتێكیش هەوڵەكان گەیشتنە ئەنجام بێگومان ئاشكرایدەكەن.

هاوكات، سیروان محەمەد سەرۆكی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی لە بارەی گرنگی كردنەوەی لقی كۆمپانیا لە ھەرێمی كوردستان، ڕایگەیاند، كۆمپانیایی مێرسیدس بێنز بۆ یەكەمجار وەرشەیەكی فەرمی لە شاری سلێمانی كردووەتەوە كە خزمەتێكی زۆر بەو كەسانە دەكات كە خاوەنی ئۆتۆمبێلی مێرسیدس بێنز جاران دەبوایە بۆ چاكردنەوەی ئۆتۆمبێلەكان سەردانی ھەولێر یاخود بەغدایان بكردایە، ئێستا ڕاستەوخۆ لە شاری سلێمانی خزمەتگوزارییەكان پێشكەش دەكرێت.

وتیشی: ژمارەیەك سەرمایەداری بیانی بۆ یەكەمجار ھاتوونەتە شاری سلێمانی و لە ڕێگەی ئەم پێشەنگایەوە ھەلی كاریان بۆ ژمارەیەك گەنجی ئەم شارە ڕەخساندووە، ئێمە وەك ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی لەگەڵ دانیشتنمان كردووە و داوامان لێ كردون ئۆفەری تایبەتیان ھەبێت بۆ خاوەنكاران و داشكاندن و خزمەتگوزاری تایبەت پێشكەش بە بازرگانانی سلێمانی بكەن.

لەگەڵ ئەوەی بەشێك لە هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان زیاتر ئۆتۆمبێلی یابانییان لا پەسەندە و فرۆشیان لەناو هاووڵاتییاندا زیاترە، بەڵام هەندێك لە هاووڵاتییانیش كە گرنگی بەكوالیتی و تایبەتمەندی دەدەن، مێرسیدس بێنزیان لاپەسەندە.

ئیمان نەوزاد، ڕاوێژكاری فرۆشتن لەكۆمپانیای برایت كاسل مۆتۆرز، بریكاری گشتی مێرسیدس بێنز بۆ ئۆتۆمبێل لە عیراق بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، ئەمشەو ئۆتۆمبێلی ئی كڵاس ٢٠٠ و ئۆتۆمبێلی ئی ٢٠٠ كوپێ نمایشكران، كە هەریەكێكیان سێ ساڵ گرەنتی هەیە و هەموو تایبەتمەندییەكانی ئۆتۆمبێلەكان لەگەڵ هەرێمی كوردستان گونجێنراوە و بۆیاغی ئۆتۆمبێلەكەش وا دروستكراون، كە لەگەڵ كەشی ئێرەدا بگونجێت.

ئەوەشی ئاشكراكرد، مەكینەی ئۆتۆمبێلەكان ٢٠ی تۆربۆیە و ٣٦٠ پلە كامێرای هەیە و شەش حاسەی هەیە و دەیان تایبەتمەندی تری جیاوازی هەیە.

هەرێمی كوردستان لەگەڵ كرانەوەیدا بەڕووی بازاڕەكانی جیهاندا، توانی ساڵانە لەگەڵ نمایشكردنی نوێترین ئۆتۆمبێلەكان لەجیهاندا، هەرێمی كوردستانیش لەم ئۆتۆمبێلانە بێبەش نەبێت و لەڕێگەی كۆمپانیا جیاوازەكانەوە ئەم ئۆتۆمبێلە تایبەتانە بهێنرێنە هەرێمی كوردستان، بەجۆرێك ئەو كەسانەی كە پارەدارن، دەتوانن بەدەستیان بهێنن.