سەردێر

بڕەپارەی مامۆستایانی وانەبێژ لەكاتی دابەشكردنی مووچە دەدرێت

 

خەڵك-بەشی هەواڵ

سەرۆكی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان دەڵێت خەرجكردنی برێك پارە بۆ مامۆستایانی وانەبێژ بڕیارێكی ئەنجوومەنی وەزیرانە و جێبەجێدەكرێت و هیوادارین لە ساڵی 2021 یش بەردەوام بێت.

ئەحمەد گەرمیانی سەرۆكی یەكێتی مامۆستایان بە(خەڵك)ی راگەیاند، ئەو برە پارەیەی بۆ مامۆستایانی وانەبێژ دانراوە لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانەوە بڕیاری جێبەجێكردنی دراوە لەكاتی دابەشكردنی مووچە پێیان دەدرێت .

وتیشی، ئەوەی لای ئێمە گرنگە ئەوەیە پێدانی ئەو برە پارەیە
بۆ سەرجەم مانگەكان بێت و لەمساڵیش بەردەوام بێت بۆ ئەوەی مامۆستایانی وانەبێژ دڵنیابن بڕە پارەیەكیان هەیەو بەرەو دامەزراندن دەڕۆن.

سەبارەت بە چوونەوەی مامۆستایان بۆ هۆڵەكانی خوێندن ئەحمەد گەرمیانی وتی، ئەوەی ئاگادارین زۆرینەی مامۆستایان پێیان خۆشە بگەڕێنەوە هۆڵەكانی خوێندن بەڵام مووچە كاریگەرە ئەگەر حكومەت بەڵێنەكەی جێبەجێ بكات كێشەكان چارەسەر دەبن.

لە چەند ڕۆژی ڕابردوو وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان رەزامەندی دەربڕی لەسەر خەرجكردنی موچەی مانگەكانی 10 و 11 و 12ی ساڵی رابردووی وانەبێژان بە جۆرێك هەڵگرانی بڕوانامەی بەكالۆریۆس و سەروو بەكالۆریۆس 300 هەزار دینار بۆ هەر مانگێك وەردەگرن و هەڵگرانی بڕوانامەی دبلۆم 250 هەزار دینار بۆ هەر مانگێك وەردەگرن.