سەردێر

یەكێتی مامۆستایان هۆشداری بایكۆت دەدات

خەڵك-بەشی هەواڵ

 

ئەندامیكی سكرتاریەتی یەكێتی مامۆستایان ڕایدەگەیەنێت، بڕینی مووچەی مامۆستایان كاریگەری نەرێنی لەسەر پڕۆسەی خوێندن دەبێت.

بەرهەم موستەفا، ئەندامی سكرتاریەتی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، لە 3-1 لە ئەنجوومەنی تەنفیزی یەكێتی مامۆستایان كۆبووینەوە و لەگەڵ كردنەوەی دەرگای قوتابخانەكان بووین، بەڵام دوو تێبینیمان خستەڕوو وەك دڵسۆزیمان بۆ دۆخەكە، ئەویش ئەوەیە كە لایەنە تەندروستیەكە فەراهەم بكرێت و خۆپارێزی بەردەوام بێت، هەروەها مووچە بەبێ لێبڕین 30 ڕۆژ جارێك دابەش بكرێت.

وتیشی، “ئەگەر بەو شێوەیە نەبیـَت، كاریگەری نەرێنی لەسەر خوێندن دروست دەكات”.

ئاشكراشیكرد، وەكو یەكێتی مامۆستایان داوامان نەكردووە بایكۆت بكرێت، لە ڕابردووشدا هەوڵمانداوە كێشەكان چارەسەر بكرێت، بەڵام پێشبینی ئێمە ئەوەیە ڕەنگە لە هەندێك ناوچەی هەرێم بایكۆت ڕووبدات و مامۆستا ئامادە نەبێت بڕواتە هۆڵەكانی خوێندن، بەهۆی ئەوەی بەشێكی مووچەكەی دەبڕدرێت.

ڕوونیشیكردەوە، ڕاستە ئێمە هێزێكی فشارین، بەڵام دواجار لە ڕابردوودا بینیمان خۆپیشاندان و بایكۆتی مامۆستایان خۆڕسكانە بووە و بڕیاری یەكێتی مامۆستایان نەبووە.

جەختی لەوەشكردەوە، یەكێتی مامۆستایان ناتوانێت بچێتەژێر باری ئەوەی بڵێت مامۆستایان بڕۆنەوە بۆ دەوام، چونكە دەزانێت ئەمە پەیوەندی بە بژێوێ مامۆستایانەوە هەیە، هەروەك چۆن دەیەوێت پڕۆسەی پەروەردەوە سەركەوتووبێت.