سەردێر

ڕێباز حەملان: بارزانی چیایەكە هیچ ڕەشەبایەك نایلەرزێنێ

خەڵك-بەشی هەواڵ

 

یاریدەدەرێكی سەرۆك وەزیران هەرێم بۆ كاروباری ئەنجومەنی باڵای وەبەرهێنان ڕایدەگەیەنێت، نەیار و دوژمنانی كورد لەم سەردەمەدا تەنها بارزانی بە ئامانجی خۆیان دەزانن و تۆمەت و دژایەتی و تیرەكانیان ڕووتێكردووە.

ڕێباز حەملان یاریدەدەری سەرۆك وەزیران هەرێم بۆ كاروباری ئەنجومەنی باڵای وەبەرهێنان لە نووسینێكدا لە هەژماری خۆی لە فەیسبوك لەبارەی گرتەیەكی ڤیدیۆیی ئێران لەسەر هاوكارییەكانی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشوی فەیلەقی قودسی ئێران بۆ هەرێمی كوردستان كە لەلایەن بارزانییەوە داوای لێكراوە، ڕایگەیاند، لە ئیمام شافیعی یان پرسی، چۆن بزانین ئەهلی حەق كێیە لەزەمەنی زیادبوونی فیتنەدا، ئەویش فەرمووی، دوای تیری دوژمن بكەون ئەوە ئەتانبات بۆ لای ئەهلی حەق.

دەشڵێت”چەندین ساڵە تیری دوژمن ڕووی لە سەرۆك بارزانییە بەتایبەت دوای ئەوەی بە درێژایی مێژوی خەبات و تێكۆشانی گەلەكەمان ئەم سەركردەیە توانی زۆربەی لایەنە سەرەكییەكانی هەرێم كۆبكاتەوە، هەروەها توانی دەنگی زیاتر 92%ی میللەتەكەمان بەهەموو جیاوازی ئاین و ڕەنگ و ئایدۆلۆژیا بە دەست بهێنێت و بڵێ بەڵێ بۆ سەربەخۆیی كوردستان بەرامبەر بە هەموو شۆڤێنییەكان، بەرامبەر بە هەموو نەیارە ناوخۆیی و ناوچەیی و دەرەكییەكان وەستایەوە”.

ئاشكراشیكرد، بارزانی توانی شكۆی سەركەوتن وەك تاجێك بخاتەسەر سەری خەبات و قوربانیدانی میللەتێكی چەوساوە كەناوی گەلی كوردە.

رێباز حەملان ئاماژە بۆ ئەوەش دەكات، نەیار و دوژمنانی كورد لەم سەردەمەدا تەنها سەرۆك بارزانی بە ئامانجی خۆیان دەزانن و تۆمەت و دژایەتی و تیرەكانیان ڕووتێكردوە، بەڵام بارزانی چیایەكە مێژو سەلماندویەتی هیچ رەشەبایەك نایلەرزێنێ و ڕووداوەكانی ڕابردوو شاهیدن كە بۆ هیچ كام لە سەختییەكان خۆی نەچەماند و خۆی ناچەمێنێ.