لە بەشێكی مزگەوتەكانی سلێمانی نوێژی هەینی و عەسر پێكەوەكرا

نوێژی قەصر و جەمع چۆن دەكرێت؟

سەردێر

خەڵك- بەشی هەواڵ
بەهۆی ئەو شەپۆلە سەرما و ڕەشەبایەی ناوچەكانی هەرێم و بەتایبەتی سلێمانی گرتۆتەوە، ئەمڕۆ نوێژخوێنان لە مزگەوتەكان نوێژی هەینی و عەسریان پێكەوە ئەنجامدا و ئەوەش وەك جێبەجێ‌ كردنی سوننەتێكی پێغەمبەر (د.خ) بۆ دوورخستنەوەی ناڕەحەتی و نەخۆشی لەسەر موسڵمانان دادەنێن.

هەینی ئەمڕۆ لە سلێمانی جیاوازبوو
ئەمڕۆ هەینی 22-1-2021 لە شاری سلێمانی و لە بەشێكی مزگەوتەكاندا مامۆستایانی ئایینی هەستان بە زیندووكردنەوە و ئەنجامدانی سوننەتێكی پێغەمبەری خودا (د.خ)، كە ئەویش نوێژی كۆكردنەوەی (جەمع)ی نوێژی هەینی و عەسر بوو.

لەو بارەیەوە چەند نوێژخوێنێك بۆ پەیامنێری (خەڵك) وتیان، “سوننەتی نوێژی جەمع بۆ لابردنی ناڕەحەتییە لەسەر موسڵمانان و لە هەندێك كاتی وەك سەرماوسۆڵە و لافاو و سەفەری دووروودرێژ و چەند حاڵەتێكی دیكەدا دەكرێت و ئەمڕۆش ئەو نوێژەمان ئەنجامدا چونكە ڕەشەبا و سەرمایەكی بەهێز لە سلێمانی هەیە و ئەوەش وادەكات موسڵمانان لە تووشبوون بە نەخۆشی بپارێزرێن”.

نوێژی قەصر و جەمع چییە و چۆن دەكرێت؟
(جەمع) واتە: كۆكردنەوەی نوێژ، بەوەی نوێژی نیوەڕۆ لە گەڵ نوێژی عەسر كۆبكەیتەوە جا لە كاتی نیوەڕۆدا بێت واتە لە پاش نوێژی نیوەڕۆ ڕاستەخۆ نوێژی عەسریش بكەیت، یان لە كاتی عەسردا بێت واتە لە پێش نوێژی عەسردا نوێژی نیوەڕۆ بكەیت ئەنجا ڕاستەخۆ نوێژی عەسریش بكەیت. بە هەمان شێوە نوێژی مەغریب و عیشا-ش.

(قەصر) واتە: كورت كردنەوەی نوێژە چوار ڕكاتییەكان بۆ دوو ڕكات:
كورت كردنەوەی نوێژە چوار ركاتییەكان بۆ دوو ڕكات تەنها لە كاتی سەفەردا دەبێت، ئەمەش بە مەرجێك دەبێت كە موسڵمان لە سنوری شار یان شارۆچكە یان گوندی نیشتەجێبوونی دەربچێتە دەرەوە، بە بێ دیاریكردنی ماوە یان ئەندازەی دوور كەوتنەوەی لەو جێگایە، چونكە ئەمە لە سوننەتی پێغەمبەردا (د.خ) نەهاتووە.
خوای گەورە فەرموویەتی: [ۆإِژَا چَرَبْتُمْ فِی اڵاَرْچِ فَڵیْسَ عَڵیْكُمْ جُنَاحٌ أَن تَقْصُرُواْ مِنَ الصَّڵاەِ] [سورە النسا‌و: (101)] .
واتە: ئەگەر دەرچوون بە سەر زەویدا بۆ سەفەر ئەوا هیچتان لە سەر نییە كەوا هەندێك لە نوێژەكان ـ واتە: نێوەڕۆ و عەسر و عیشا ـ كورت بكەنەوە.

مەرجەكانی ئەنجامدانی نوێژ بە (قەصر و جەمع):
١ – دروستە نوێژ قەصر و جەمع بكرێت ئەگەر كەسێك سەفەری كرد بۆ شوێنێك، كە چوون بۆ ئەو شوێنە لەناو عورفی خەڵكدا پێی بوترێت سەفەر؛ جا ئەگەر مەودای دووری ئەو شوێنە لە 83 كیلۆمەتر كەمتریش بێت دروستە؛ گرینگ ئەوەیە لەناو خەڵكدا چوون بۆ ئەو شوێنە بەسەفەر حیساب بێت.

٢ – ماوەی كورت كردنەوە و كۆكردنەوەی نوێژ لەسەفەردا چەند ڕایەكی جیاوازی زانایانی لەسەر هاتووە ؛ هەندێك لەزانایان فەرمویانە موسافیر چەند لەسەفەر بێت بۆی دروستە نوێژەكانی قەصر و جەمع بكات هەتا ئەو كاتەكەی دەگەڕێتەوە شارەكەی.
ئەنەس فەرمویەتی: “خرجنا مع رسول الله صلی الله علیه وسلم من المدینە إلی مكە فكان یصلی ركعتین ركعتین حتی رجع إلی المدینە”. متفق علیه.
واتە : لەگەڵ پێغەمبەری خوا (د.خ) لەشاری مەدینەوە چووین بۆ مەككە پێغەمبەر (د.خ) نوێژەكانی دوو ركات دوو ركات دەكرد هەتا گەڕایەوە مەدینە.

٣– ئەو نوێژانەی كورت دەكرێنەوە بریتین لەنوێژە چوار ركاتیەكان – نوێژی نیوەڕۆ و عەسر و عیشا؛ بەڵام نوێژی بەیانی و مەغریب هەر وەكو خۆیان دەبن و كورت ناكرێنەوە.

٤ – لەكاتی جەمع كردندا، نویژی نیوەرۆ لەگەڵ نوێژی عەسر جەمع دەكرێت و نوێژی مەغریب لەگەل نوێژ عیشا جەمع دەكرێت؛ هەرگیز نوێژی عەسر لەگەل مەغریب جەمع ناكرێت؛ نوێژی بەیانی لەكاتی خۆیدا دەكرێت و هیچ لە نوێژەكان لە گەڵیدا جەمع ناكرێت.

٥ – دوو جۆر جەمع هەیە؛ جەمع تەقدیم (پێشخستن) و جەمع تەئخیر (دواخستن)؛
جەمعی تەقدیم، واتە پێش خستن و كۆكردنەوەی ئەو نوێژەی، كە هێشتا كاتی نەهاتووە لەگەڵ نوێژی پێشتری ؛ بۆ نمونە نوێژی عەسر بهێنرێتە لای نوێژی نیوەڕۆ و لەدوای بانگی نیوەڕۆ كە نوێژی نیوەڕۆ دەكەی پاشان نوێژی عەسر بكەی.
جەمعی تەئخیر، واتە دواخستنی ئەو نوێژەی كە كاتی هاتوە بۆ ئەنجامدانی و ببرێتە لای نوێژی دواتری؛ بۆ نمونە لەدوای بانگی نیوەڕۆ نوێژی نیوەرۆ نەكرێت و ببرێتە لای نوێژی عەسر.

٦ – ئەو كەسەی نیەتی سەفەر كردنی هەیە و هێشتا لەشارەكەی دەرنەچووە نابێت نوێژەكانی قەصر و جەمع بكات، چونكە هێشتا هەر لەشاری خۆیەتی، بەڵام ئەگەر ترسا لەوەی لەرێگا و سەفەر نوێژی دواتری لەدەست بچێت ئەوكات دروستە تەنها جەمع بكات بەبێ كورت كردنەوە؛ بۆ نموونە كە نوێژی نیوەِرۆی كرد، بەڵام دەبێت ٤ ركات بێت و نابێت كورتی بكاتەوە، چونكە هەر لەناو شاری خۆیەتی پاشان نوێژی عەسر دەكات لەدوایدا ئەویشیان وەك خۆی بە ٤ ركات.

٧– تەرتیب لەكاتی جەمع كردنی نوێژەكاندا واجبە و دەبێت سەرەتا ئەو نوێژە بكرێت كە كاتی لەپێش ئەوەی تریانە؛ بۆ نمونە لەكاتی جەمع كردنی نوێژی نیوەِرۆ لەگەل عەسر یان مەغریب لەگەڵ عیشا ئەوە سەرەتا نوێژی نیوەڕۆ دەكەی ئینجا عەسر؛ یان سەرەتا مەغریب دەكەی ئینجا عیشا جا ئەو جەمعە چ جەمعی تەقدیم بێت یان تەئخیر بێت هیچ فەرقی نیە و زۆربەی زانایان فەرمویانە تەرتیب بەم شێوەیە واجبە و نابێت سەرەتا نوێژی عەسر بكەی ئینجا نیوەڕۆ یان عیشا بكەی ئینجا مەغریب بەم شێوەیە نابێت و دروست نیە، بەڵكو دەبێت بە پێچەوانەوە بێت.