سەردێر

وەزارەتی دارایی دەربارەی دابەشكردن و لێبڕینی مووچە ڕاگەیەنراوێكی بڵاوكردەوە

خەڵك- بەشی هەواڵ

وەزارەتی دارایی عیراق جەختدەكاتەوە لە دابینكردنی مووچە و ئاشكرای دەكات، لە ڕۆژی یەك شەممەوە دەست بە دابەشكردنی مووچەی مانگی (1) دەكرێت بە بێ‌ هیچ لێبڕینێك.

وەزارەتی دارایی عیراق لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، لە ڕۆژی یەك شەممە 24-1- 2021ەوە دەست بە دابەشكردنی مووچەی مانگی 1ی فەرمانبەران بەبێ‌ لێبڕین دەكرێت.

وەزارەتی دارایی داواشی لە وەزارەت و دەستەكان كردووە، “سەردانی فەرمانگەی ژمێركاری وەزارەت بكەن، بۆ تەواوكردنی ئەو ڕێوشوێنانەی پێویستن بۆ تەمویلكردنی مووچەی فەرمانبەران”.

ئاماژەی بەوەشكردووە، مووچەی فەرمانبەران بۆ ساڵی 2021 بەتەواوی دابین كراوە و هیچ دواكەوتنێك لە دابەشكردنی مووچە ڕوونادات.

پێشتریش وەزارەتی دارایی ڕایگەیاندبوو، تاوەكو پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2021ی عیراق پەسەند نەكرێت، هیچ بڕە پارەیەك لە مووچەی فەرمانبەران نابڕدرێت.

ئەمە لەكاتێكدایە، كە لە هەرێمی كوردستانیش ڕۆژی یەك شەممە دەست بە دابەشكردنی مووچە دەكرێت، بەڵام بە لێبڕینی 21% بۆ فەرمانبەران و 50% بۆ پلەباڵاكان.

بەپێی پڕۆژە یاسای بودجەی عیراق، ڕێژەیەك باج خراوەتە سەر مووچەی فەرمانبەران، كە لەسەرووی مووچەی 750 هەزار دینارەوە دەیگرێتەوە و بە پلەبەندی هەتاوەكو مووچە زیاتربێت ڕێژەی باج و لێبڕینەكە زیاتر دەبێت.

لای خۆیەوە، جەمال كۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی پەڕلەمانی عیراق بۆ (خەڵك) وتبووی، “چوار بژاردە بۆ لێبڕین لە مووچە باسكراوە و لەناو لیژنەی دارایی گفتوگۆی لەسەر دەكرێت و تا ئێستا بڕیاری كۆتایی لێ‌ نەدراوە”.