سەردێر

یەكەم ژنە جێگری سەرۆك

خەڵك- بەشی هەواڵ

كامالا هاریس یەكەم ژن و یەكەم رەشپێست لە مێژووی ئەمریكادا شەوی رابردوو وەك جێگری سەرۆكی ئەمریكا دەستبەكاربوو.

كامالا دیڤی هاریس سیاسی و پارێزەرە و هەڵبژێردراوە بە جێگری سەرۆكی ئەمریكا.

پێشتر هاریس ئەندامی ئەنجومەنی پیران بووە لە ویلایەتی كالیفۆرنیا لە 2017ەوە و لەلایەن حزبی دیموكراتەوە بۆ جێگری سەرۆكی ئەمریكا لە هەڵبژاردنەكانی 2020 كاندید كرا.

ناوبراو لە ساڵی 1964 لە شاری ئۆكلاند لە ویلایەتی كالیفۆرنیا لە دایكبووە و بڕوانامەی لە زانكۆكانی كالیفۆرنیا و هاوای بەدەستهێناوە.

هاریس یەكەم ژنە دەبێتە جێگری سەرۆكی ئەمریكا، یەكەم ژنی بە رەگەز ئاسیایی هیندیشە كە دەگاتە دووەم پۆستی باڵای ئەمریكا و پێشتر یەكەم داواكاری گشتی كالیفۆرنیا بووە وەك ژنێكی رەشپێست.

باپیرەی كاریگەری هەبووە لەسەر دروستبوونی كەسایەتی كە فەرمانبەری حكومی بووە لە هیندستان، شەڕی كردووە بۆ سەربەخۆیی وڵاتەكەی و داپیرەشی لە بواری ژناندا چالاك بووە.

هاریس بە نمونەیەكی باراك ئۆباما سەرۆكی پێشووی ئەمریكا دادەنرێت لە كاری سیاسیدا، ئەوەش بووەهۆكاری لایەنگرانی سەرۆكی پێشوو پشتیوانی بكەن و بوترێت نمونەیەكی ژنانەی ئۆمابا.

ئۆباما یەكێك لەوانەبووە زۆر پشتیوانیكردووە تا بایدن بیكاتە جێگری خۆی گوتویەتی زۆر شیاوە بۆ پۆستەكە.

جێگری نوێی سەرۆكی ئەمریكا زۆر بەرگری دەكات لە ژنان و كەمینەكە رەگەزییەكان و پەراوێزخراوان و ئەوانەی داهاتیان سنوردارە.

هاریس پێشنیازكراوە بۆ كاندیدكردنی بۆ سەرۆكی ئەمریكا لە هەڵبژاردنەكانی ساڵی 2024 بەهۆی ئەوەی ئەو تەمەنی 56 ساڵە و جۆ بایدنی سەرۆكی هەڵبژێردراویش تەمەنی 78 ساڵە، چاوەڕێی ویلایەتی دووەم ناكات.

جویل باین پلاندانەری دیموكراتی وتی: هاریس هەمیشە زۆر كەسایەتیەكی نزیكی بایدن بووە لە هەڵبژاردنەكان و یاریدەدەر بووە لە یەكخستنی هاوپەیمانی دیموكراتی لە رێگەی هێڵەكانی رەگەزی و نەوەكان.

هاریس نەیارێكی سەرسەختی بڕیارەكانی ترەمپ بوو لەوانە قەدەغەكردنی سەفەر لە هاووڵاتیانی ژمارەیەك وڵاتی موسڵمان لە كانونی دووەمی 2017، هاوكات خاوەنی توانایەكی باشە لە روبەڕوبونەوەی ململانێ سیاسییەكان و ئەزمونێكی پێشتری هەیە لە داواكاری گشتی لە ویلایەتی كالیفۆرنیا.

ئەندامی كۆمەڵێك لیژنەی گرنگی ئەنجومەنی پیران بووە لەوانە لیژنەی دادوەری و دارایی و ئاسایشی ناوخۆ و هەواڵگری.

زۆر بەتوندیش دژ و نەیاری سیاسەتەكانی چینە بەرامبەر مافی مرۆڤ، بەتایبەت بەرامبەر موسڵمانەكانی ئیگۆر لە خۆرئاوای چین و دژی پێشێلكردنی مافی مرۆڤە لە هۆنگ كۆنگ و دژی مامەڵە نادادپەروەرەكانی چینە لە بواری بازرگانیدا.

دەربارەی ئاشتی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە بەهێزترین لایەنگرەكانی ئیسرائیلە و بڕوای بە چارەسەری دوو دەوڵەت هەیە بۆ كۆتایهێنان بە ململانێكە.

لە كۆنگرەی رێكخراوی ئایپاك گەورەترین گرووپی فشاری ئیسرائیلی لە ئەمریكا لە 2017 و 2018 وتی: دژی بەردەوامی بنیاتنانی پرۆژەی نیشتەجێكردنی جولەكەكانم لە خاكی كەرتی خۆرئاوا.

دەربارەی سعودیە دژی ریازە، بەتایبەت لە دۆسێی كوشتنی رۆژنامەوان جەمال خاشقچی.

دژی شەڕی سعودیە و ئیماراتیشە لە یەمەن، پشتیوانی بڕیاری قەدەغەكردنی فرۆشتنی چەك دەكات بە سعودیە بەهۆی شەڕی یەمەن و پێشێلكردنی مافی مرۆڤەوە.