سەردێر

ساڵوەگەڕی كۆماری كوردستانە

خەڵك – بەشی هەواڵ

ساڵوەگەڕی 75 هەمینی دامەزراندنی كۆماری كوردستانە لە شاری مەهابادی رۆژهەڵاتی كوردستان لەسەر دەستی پێشەوا قازی محەمەد.

كۆماری كوردستان لە مهاباد

لە ٢٢كانوونی دووهەمی ١٩٤٦ بە بەشداریی نوێنەرانی پارچەكانی دیكەی كوردستان پێكهاتنی یەكەم كۆماری كوردستان ڕاگەیێندرا.

پێشەوا قازی محەمەد سەرۆك كۆماری كوردستان لە ماوەی دەسەڵات‌داری كۆماری كوردستان ئەوەی پێویست بوو زۆر بە ڕاشكاوی بە شای ئێران و قەوام سەڵتەنە (سەرۆك وەزیرانی كاتی ئێران) ڕاگەیاندووە، قامكی لەسەر لاوازییەكانیان بەرانبەر بە گەلی كورد داناوە. بە ئاشكرا پێی گوتون، ئێوە لە قسەكانی خۆتان‌دا دوودڵن و ناتانەوێ مەسەلەی كوردستان چارەسەر بكەن.

كاتێك پێشەوا لەلایەن قوام سەڵتەنەوە بۆ تاران بانگهێشت دەكرێ و لە ڕێكەوتی ٢٨ی یەكی ١٩٤٦ دەچێتە تاران، لەلایەن ژمارەیەك لە وەزیران، نوێنەرانی پارلەمان و نوێنەری كوردەكانی تاران و نوێنەری حیزبەكان و یەكێتی كرێكاران لە فڕۆكەخانە پێشوازی لێ دەكرێ.

ڕووخانی كۆمار

دوای وتووێژی زۆر، تاران و كۆماری كوردستان بە خاڵێكی هاوبەش نەگەشتن و گرفتەكان چارەسەر نەكران. هەر بۆیە بەشوێن ماوەیەك هەڕەشە، و بە دوای وەر گرتنی هێندێ بەڵێن بۆ یارمەتیدان لە ڕووخاندنی كۆماری مهاباد لە لایەن هەندێ لە سەرۆك عەشیرەتەكان، تەنانەت چەند كەس لەوانەی لەگەڵ قازی سەفەری باكۆیان كردبوو، تاران لە پێش‌دا هێرش دەكاتە تەورێز بۆ ڕووخاندنی كۆماری ئازەربایجان و پاشان هێرش دەكاتە سەر كوردستان.

سوپای ئێران كە قورسترین ئامێری شەڕیان هەبوو، بە هەڵاتنی سەرۆكانی كۆمار بۆ سۆڤیەت كۆماری ئازەربایجان ڕووخا و ئەرتەش شاری تەورێزی داگیر كرد. دوای ئەوە ئەرتەش لەوێڕا بەرەو مهاباد بە ڕێ كەوت. لەو ئەو ناوچانەی دیكە لە باشوری مهاباد‌دا كە خۆیان بە بەشی كۆمار دەزانی و دەسەڵاتی تارانیان بە حكوومەتی ناوەندی نەدەزانی، واتە لە شارەكانی سنە، دیواندەرە، مەریوان هەتا نزیكی سەقز، لە چەند مانگ پێش ئەوە، هێزیان ئامادە كردبوو؛ بەڵام دوای تەورێز ئەرتەش هێزی نوێی لە ڕێگای قەزوێن بۆ سەقز نارد كە لە ٢٠ی سەرماوەز گەیشتنە سەقز و لە ڕێگەی بۆكان بە یارمەتی هێندێ لە كوردەكانی سەربە حكوومەتی شا، ڕێگەی مهابادیان گرتە بەر.

قازی وەك سەرۆك كۆمار دەستوور دەدات هەتا دەكرێ لە شەڕ خۆ بپارێزن چون ماڵوێرانی پێوەیە. ئەگەرچی لە پێناوی وڵات هەمووان تێدەكۆشن، بەڵام بە هۆی جووڵانەوەی سەرنجڕاكێشی هێزەكانی سۆڤیەت، زۆر بە خێرایی، لە ماوەی چەند ڕۆژ كوردستان داگیر دەكرێ. ئەگەر چی ئەو ڕەخنە لە قازی، وەك سەرۆك كۆمار و جێی متمانەی جەماوەر دەگیرێت كە بۆ ئەوەندە پشتی بە یارمەتی سۆڤیەت بەستبوو كە بە بڕینی پشتیوانی لە كۆمار بە خێرایی كۆمار تێدا چوو؛ بەڵام لەوەدەچێ گەورەترین هۆی ڕووخانی كۆمار یەك‌نەبوونی هەوموو دەستەكان بووبێت، تا ئەو ڕادەیە كە هێندێ هەتا سۆڤیەت كوردستانی چۆڵ كرد، نامەیان نارد بۆ تاران كە وەرن، ئێستە كاتی هێرشە.

مەلا مستەفا بارزانی كە ئەوكات لە مهاباد بوو، هەوڵی دا كە قازی لەگەڵ خۆی بباتە دەرێ، بۆ پاراستنی گیانی، بەڵام قازی‌ بەوە ڕازی نەبوو، دەیویست دەبێ لە سەر بەڵێنی خۆی بمێنێتەوە. قازی دەزانێ كە بە زوویی كۆمار دەڕوخێت؛ لە نێوان شەڕ یان خۆبەدەستەوە دان، وەك بەرپرسیارێكی گیانی خەڵك، بۆ بەرگری لە كوشتن و وێران كردن، وەك قارەمانێكی نەتەوەیی خۆ بەدەستەوە دەدات. هەڵبەت سەبارەت بەوە،‌ ڕەخنەدەگرن كە ئایا ئەگەر قازی لەگەڵ مەلا مستەفا بڕۆشتایە، دواتر نەیدەتوانی قازانجی زیاتر بێت بۆ گەلەكەی؟‌ بەڵام لە كاتی ماڵئاوایی لەگەڵ مەلا مستەفا، قازی ئاڵای كوردستان دەسپێرێ بە مەلا مستەفا و وەك جوابی ئەو پرسیارە دەڵێت: “من خۆم فیدای خەڵكی دەكەم و هیچ كات وەك پیشەوەری و سەرانی ئازەربایجان ناكەم تا وڵاتەكەم لە خوێن دا شەڵاڵ بێو هەزاران كەس بە كوشت بچن.”

ئەرتەش ڕۆژی ٢٩ی سەرماوەز دەگاتە مەهاباد وەك پایتەختی كۆمار و وەك ئەو شارەی دەسەڵاتی كۆماری تێدایە، كاتێ زیاتری بۆ

دادەنێن. ئەگەرچی هەر لە پێشدا هەم قازی بۆخۆی و هەموان دەیانزانی سزای قازی و هەڵسووكەوتی حكوومەت لەگەڵ ئەو چۆن دەبێ، بەڵام دادگایەك ڕێ دەخرێت و تێیدا قازی و ئەندامانی كۆمار بە چەند تاوانی سەرەكی دادگایی دەكرێن.

ئەگەرچی هەردوو كۆماری كوردستان و ئازەربایجان لەسەر پاڵپشتی سۆڤیەت دامەزرێندران، بەڵام كۆماری كوردستان ڕاستەقینە ئارەزووی جەماوەری كورد بوو. سۆڤیەت بۆ سوودی خۆی دەستی لە پاڵپشتی كێشاوە و دەسەڵاتی تاران هەردوو كۆماری لاوازی مهاباد و ئازەربایجانی خنكاند.

دادگایكردنی قازی

لیژنەی تایبەت كە لە تارانەوە هاتبوون بە سەرۆكایەتی سەرهەنگ غۆڵام حوسێن عەزیمی دەگەنە مهاباد و دادگا ڕێدەخەن.

پرسیارەكانی دادگا ڕوون نەبوون. لە لایەن قازیەكانەوە (قازی محەممەد، سەدر قازی، سەیف قازی) هەموو تاوانەكان ڕەت كرایەوە و داوای بەڵگەیان دەكرد. ئاشكرا بوو كە ئەو دادگا هیچ بەڵگەیەكی بە دەستەوە نەبوو.

تاوانەكانی قازی ئەمانە بوون:
گۆڕین و دەستكاری كردنی نەخشەی وڵاتی ئێران
ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی و داگیر كردنی بەشێك لە خاكی ئێران بە ناوی كوردستان.
بازرگانی كردنی نەوت لەگەڵ سۆڤیەت بە بێ ئاگاداری و ڕەزامەندی دەوڵەتی ناوەندی.
ساز كردنی نەخشەی كوردستانی گەورە‌ بە لكاندنی كوردستانی ئێران، عێراق، توركیا و سووریا.
هێنانە ناوەی بێگانە و بەشێك لە خاكی ئێران خستنە ژێر دەستی (مەبەست مەلا مستەفا بارزانی).
دانانی ئاڵای تایبەت بۆ كوردستان بە نیشانی چەكوچ و داس بە شێوەی ئاڵای سۆڤێت.
لێدانی سكەی پووڵ بۆ كوردستان بە وێنەی ڕووپیەی ڕووسیایی.

قازی هەموو ڕەت دەكاتەوە و لە وەڵام دا دەڵێت ئاڵام داناوە بەڵام نە وەك ئەوەی ئەوان دەڵێن وەك ئاڵای سۆڤیەت. سەبارەت بە مەلا مستەفا بارزانی، ئەو بۆ خۆی هاتووەتە مهاباد و كەس نەیهێناوە، ئەو كوردە و كوردستان ماڵی هەموو كوردێكە و هەر كوردێك بە ئارەزووی خۆی لە سەر هەر بستە خاكی كوردستاندا دەتوانێ بژی.

یەكێك لە تاوانەكانی سەرەكی سەدر قازی، جێگری سەرۆك كۆمار و برای قازی محەمەد نووسینی شیعرێكی گەرم بۆ بەخێرهاتنی بە مەلا مستەفا بارزانی بوو.

دادگاكە بە دانی بڕیاری لە سێدارەدانیان كۆتایی هات. بەڵام ئەمە كۆتایی كارەكە نەبوو. قازیەكان لە بەندیخانە‌ كران بۆ ماوەی سێ مانگ. دیسان بە هەمان شێوە دادگای پێداچوونەوە‌ بەڕێوە چوو، ئەگەر چی هەموان لە سەر ئەو بڕوا بوون كە بە تاوانبار ناسینی قازی هەر لە پێش‌دا وەك ئامانجی دادگاكان لە تارانەوە نیشان كرابوو.

پێشەوا و هاوڕێیانی ئەوەندەی لە ماوەی یازدە مانگی كۆماردا هەوڵیاندا، هەر ئەوەندەش لەو دادگا بوو، لە خۆبردوویی و ئازایەتییان لە خۆیان نیشان داوە.

لەگەڵ هەموو ئازاری دەروونی و ئەو ژیانە تاڵەی كە لە بەندیخانەی پادگانی مهاباددا بۆیان پێك هاتبوو، نە تەنیا بڕوایان بە ئامانجەكانیان، لاواز نەببوو، بەڵكو زۆر ئەرخەیانترو بە ورەتر ببوون.

سێدارە

لە بەرەبەیانی (٣٠ی ئاداری ١٩٤٧)پێشەوا قازی، حەمەحوسێن خانی سەیف قازی (ئامۆزای پێشەوا) و قاسم سەدر قازی (برای پێشەوا) بە دوای حوكم دران لە دوو دادگای نایاسایی و فەرمایشیدا بەدەستی دوژمنانی گەلی كورد لە چوارچرای شاری مهاباد، واتە هەر لەو شوێنەی (٢٢ی یەكی ١٩٤٦) كۆماری كوردستان لێی راگەیەندرابوو، لە سێدارە دران و شەهیدكران.

تەرمی ئەو شەهیدانە هەر ئەو رۆژە لە گۆڕستانی مەلا جامی بە خاكی نیشتمانەكەیان سپێردران. شوێنی گۆڕەكەیان ئێستاش لە ژێر چاودێری‌دایە.

هۆكاری رووخانی كۆمار

شرۆڤەكاران و شارەزایانی مێژوویی بەردەوام ئەوەیان دووپات كردووەتەوە، كە هۆكاری سەرەكی رووخانی شۆڕش و دەسەڵاتەكانی كورد لە رابردوودا دەگەڕێتەوە بۆ ناتەبایی و یەكگرتوو نەبوون، لەگەڵ پشت بەستن بە دەستی بێگانە و دۆستی دەرەكی، لە بری پشت بەخۆ بەستن، زیندووترین نمونەش بە كۆماری مهاباد لە رۆژهەڵاتی كوردستان و شۆڕشی ئەیلول لە باشوری كوردستان دەهێننەوە.