سەردێر

بایدن گەیشتە كۆشكی سپی و 17 بڕیاری ترەمپ هەڵدەوەشێنێتەوە

خەڵك- بەشی هەواڵ
جۆ بایدن، سەرۆكی هەڵبژێردراوی ئەمریكا لەگەڵ هاوسەرەكەی گەیشتە كۆشكی سپی و بڕیارە ئەمشەو لە مەڕاسیمێكی گەورەدا لە واشنتن-ی پایتەخت سوێندی یاسایی بخوات و وتەبێژەكەشی دەڵێت: “یەكەم كاری بریتی دەبێت لە هەڵوەشاندنەوەی 17 بڕیاری ترەمپ“.
ئەمشەو جۆ بایدن، سەرۆكی هەڵبژێررداوی ئەمریكا لە مەڕاسیمێكی فراواندا وەك 46هەمین سەرۆكی ئەمریكا سوێندی یاسایی دەخوات.

لە مەڕاسیمەكەدا، مایك پێنس-ی جێگری دۆناڵد ترەمپ بەشداری كردووە.

بایدن 17 بڕیاری ترەمپ هەڵدەوەشێنێتەوە

یەكێك لە ئەندامانی تیمەكەی بایدن بە ئاژانسی (فرانس پرێس)ی وتووە، كە بایدن بڕیاری داوە 17 بڕیاری پێشووی ترەمپ هەڵبوەشێنێتەوە.

وەك ئەندامی تیمەكەی ئاشكرای كردووە، ئەو بڕیارانەی بەنیازە بایدن هەڵیانبوەشێنێتەوە بریتین لە مەرسومی كۆچكردن، كە هاووڵاتیانی ژمارەیەك دەوڵەت، كە هەندێكیان وڵاتانی ئیسلامی بوون چوونیان بۆ ئەمریكا قەدەغە كرابوو، هەروەها گەڕانەوەی ئەمریكا بۆ ناو ڕێككەوتننامەی پاریس-ی تایبەت بە ژینگە و هەروەها گەڕانەوە بۆ ناو ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی.

هاوكات بڕیارە دروستكردنی دیواری نێوان ئەمریكا و مەكسیك، كە لەسەر بودجەی وەزارەتی بەرگری دروست دەكرێت ڕابگرێت.

جین ساكی، كە بڕیارە ببێت بە وتەبێژی نوێی كۆشكی سپی دەڵێت: “بایدن چەند بڕیارێك لە نووسینگەكەی واژۆ دەكات لەپێناو مامەڵەكردن لەگەڵ قەیرانەكانی كۆرۆنا و ئابووری و گۆڕانی ژینگە و جیاوازی ڕەگەزی.

وتوشیەتی، “بایدن بڕیار دەدات بە بەستنی زۆرەملێی دەمامگ لە دامەزراوەكانی فیدڕاڵی و فەرمانبەرانی فیدڕاڵی و دروستكردنی نووسینگەی نوێی كۆشكی سپی بۆ هەماهەنگی هەوڵەكانی ڕووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا”.

ترەمپ كۆشكی سپی جێهێشت و نامەیەكی بۆ بایدن جێهێشت

كۆشكی سپی بڵاویكردۆتەوە، كە ترەمپ پێش ڕۆیشتنی نامەیەكی بۆ جۆ بایدن لە كۆشكی سپی بەجێهێشتووە، بەڵام وردەكاری و ناوەڕۆكی ناو نامەكە ئاشكرانەكراوە.

بەپێی هەواڵێكی ماڵپەڕی (سكای نیوز عربیە) كە لەزاری سەرچاوەیەكی كۆشكی سپییەوە بڵاویكردۆتەوە، كەمێك لەمەوبەر دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ماوەتەواوبووی ئەمریكا كۆشكی سپی جێهێشتووە و بەرەو فلۆریدا كەوتۆتە ڕێ‌.

لای خۆشیەوە، كەناڵی (عربیە الحدپ) بڵاویكردەوە، دۆناڵد ترەمپ بەبێ‌ چاوەڕێ‌ كردنی بینینی جۆ بایدن و دەستاودەستكردنی دەسەڵات لە كۆشكی سپییەوە بەرەو بنكەی ئاسمانی (ئەندرۆز) بەڕێكەوتووە و لەوێوە دەچێتە فلۆریدا.

Image may contain: one or more people, people standing, people dancing, people walking and outdoor

Image may contain: one or more people, people standing, people dancing, people walking, people on stage, night and outdoor