سەردێر

“بەڕێز” پڕۆژەكانی ڕادەست دەكات

خەڵك-بەشی هەواڵ

 

كۆمپانیای بەڕێز، بەم نزیكانە زۆنی كۆتایی هەیكەلەكانی گۆران سیتی ڕادەستی بەشداربووانی دەكات.

لە وەڵامی ژمارەیەكی كەم لە بەشداربووانی پڕۆژەی نیشتەجێبوونی گۆران سیتی لە پارێزگای هەڵەبجە، كە داوایان ئاڕاستەی بەرپرسانی پارێزگاكە كردووە سەبارەت بە تەواونەكردنی پڕۆژەكە، گروپی كۆمپانیاكانی بەڕێز، ڕایدەگەیەنێت، بەهۆی قەیرانی دارایی و وەستانی پارەی پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان و وەستانی پارەی سندوقی نیشتەجێبوون كاری زۆنی 3ی پڕۆژەكە دواكەوتووە.

بەپێی ڕاگەیەنراوێكی گروپی كۆمپانیاكانی بەڕێز، بەشداربووانی ئەو پڕۆژەیە تەنها ٣ ملیۆن دیناریان داوەتە كۆمپانیا و باقی پارەكە پەیوەستە بە بانكی نیشتەجێبوون كە لەسەروەختی سەرهەڵدانی قەیرانی داراییەوە وەستاوە و خزمەتگوزاری ناو پڕۆژەكەش ٪٥٠ی لەسەر حكومەتە، كە ئەمیش بەهۆی نەبوونی تەمویل كارەكانی ڕاگیراون، ئەمانەش هەموویان هۆكار بوون بۆ تەواو نەبوونی كارەكانی ئەو زۆنەی پڕۆژەكە، كە لە ئێستادا ٢ زۆنی بە تەواوی خزمەتگوزارییەكانییەوە تەواوبووە و كارەكانی ئەم زۆنەش لەكۆتایدایە.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، شوێنی پڕۆژەكە نەگۆڕاوە و هەمان ئەو جێگەیەیە كە مۆڵەتی دروستكردنی یەكەكانی لەسەر دراوەو دیارترین شوێنی پڕۆژەكەشە.

بەپێی ڕاگەیەنراوەكەی بەڕێز، زۆنی كۆتایی هەیكەلەكانی پڕۆژەی گۆران سیتی قیستەكانیان لە ١٠ ساڵەوە بۆ ٢٠ ساڵ درێژكراوەتەوە و بەم نزیكانە، هەیكەلی خانووەكان ڕادەستی بەشداربووان دەكرێت.