خەڵك-بەشی هەواڵ
ئەمڕۆ چوار شەممە 2021/1/20 مەسرور بارزانی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ كونسوڵ و نێردە و دیپلۆماتی وڵاتان لە هەرێمی كوردستان كۆبووەوە.
بەپێی راگەیەنراوێكی حكومەتی هەرێم، لە كۆبوونەوەكەدا سەرۆكی حكومەت تیشكی خستووەتەسەر بارودۆخی ناوخۆی هەرێمی كوردستان و چاكسازییەكانی كابینەی نۆیەم و پەیوەندی نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵی.
لە كۆبوونەوەكەدا مەسرور بارزانی ڕایگەیاند، حكومەت بەردەوام كاری كردووە بۆ ئەوەی باشترین پەیوەندی لەگەڵ حكومەتی فیدراڵی هەبێت و هەموو كێشەكان بەشێوەیەكی بنەڕەتی و لەسەر بنەمای دەستوور چارەسەر بكرێن، بۆ ئەم مەبەستەش، هەموو پابەندبوونەكانی خۆی جێبەجێ كردووە بە ئاڕاستەی گەیشتن بە ڕێككەوتنێك كە لە بەرژەوەندی هەموو هاووڵاتییانی عێراقدا بێت.
سەرۆكی حكومەت وتیشی: پێویستە بابەتی مووچە دووربخرێتەوە لە ململانێی سیاسی و نابێت مووچە بكرێتە كارتێكی فشار لە دژی هەرێمی كوردستان و سیاسەتی برسیكردن لە دژی مووچەخۆرانی هەرێم بەكاربهێنرێت.
ئاشكراشیكرد، هەموو هەوڵێكمان خستووەتەگەڕ لەپێناو دابینكردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم.
ڕوونیشیكردەوە، هەرێمی كوردستان هۆكاری گرنگیی سەقامگیرییە لە ناوچەكە و خوازیاری پەیوەندیی دۆستانەیە لە گەڵ وڵاتانی دراوسێ و پەرەپێدانی پەیوەندییە لەگەڵ كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە گشتی.
ئاماژەشی بە گرنگیی بەردەوامبوونی هاریكاریكردن و هەماهەنگیكردن لەگەڵ هەرێمی كوردستان كرد بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەكانی تیرۆر.