سەردێر

ئاكار پشتیوانی بۆ توركمان راگەیاند

خەڵك- بەشی هەواڵ

وەزیری بەرگریی توركیا، خولوسی ئاكار دووپاتی لە پشتیوانی وڵاتەكەی بۆ توركمانەكانی عێراق كردەوە.

بەپێی ئاژانسی ئەنادۆڵۆ، خولوسی ئاكار لە میانی سەردانەكەی بۆ هەولێر، سەردانی بارەگای بەرەی توركمانی عێراقی كرد و لەلایەن بەرپرسانی باڵای پارتەكە لە سەرووریانەوە وەزیری هەرێم بۆ كاروباری پێكهاتەكان لە حكوومەتی هەرێم و ئەندامی ئەنجوومەنی بەرێوەبردنی بەرەی توركمانی، ئایدن مەعروف پێشوازیی لێكرا.

لە میانی دیدارەكەدا، خولوسی ئاكار جەختی لە بەردەوامی پشتیوانی وڵاتەكەی بۆ بەرەی توركمانی عێراقی كردەوە و وتی: “دڵی ٨٣ ملیۆن هاووڵاتیی توركیا لەگەڵ ئێوەیە”.

وەزیری بەرگریی توركیا ئاماژەی بەوەشكرد كە لە میانی سەردانەكەی بۆ عێراق ژمارەیەك دیداری گرنگ و بەرهەمداری لە بەغدا و هەولێر ئەنجامداوە و جەختی لە گرنگی هەماهەنگی بۆ دۆزینەوەی رێگەی چارەی هاوبەش بۆ كێشەكان كردەوە.

خولوسی ئاكار هیوای خواست بەزووترین كات كۆتایی بە سەرجەم كێشەكان بێت لە سەروویانەوە پرسی تیرۆر.