سەردێر

مووچەی مانگی 1 دابەشدەكرێت

خەڵك-بەشی هەواڵ

بەپێی فەرمانێكی وەزارەتی دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێم هەفتەی داهاتوو دەست بە دابەشكردنی مووچە دەكرێت و هاوشێوەی مانگەكانی ڕابردووش 21%ی لێدەبڕدرێت، لای خۆشییەوە مەسرور بارزانی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم ڕایگەیاند، لەمەودوا 30 ڕۆژ جارێك مووچە دابەش دەكرێت و وەزارەتی دارایشی سەرپشك كردووە لە چۆنێتی بڕینی مووچە كە لەگەڵ داهاتی بەردەست بگونجێت.

بەپێی زانیارییەكان، لەسەر بڕیار و ڕاسپاردەی وەزیری دارایی حكومەتی هەرێم ئەو مووچەیەی بڕیارە لە هەفتەی داهاتوو دابەش بكرێت، مووچەی مانگی 1ی ساڵی 2021 دەبێت و
ئەو بابەتەش گەیەندراوەتە لای بەرپرسی گەنجینەكان و لیستی مووچەكەشیان بۆ نێردراوە.

ئەمەش لەكاتێدایە ساڵی ڕابردوو 5 مووچەی فەرمانبەران پاشەكەوت كران و بەو شێوەیەش بێت، مووچەی مانگەكانی 11 و 12ی فەرمانبەرانیش پاشەكەوت دەكرێت یاخود وەك لێبڕینی مووچەكە هیچ ئاسەوارێكی قەرزی پێوە دیار نابێت.